قوباد تاڵەبانی: هەرێمی كوردستان لە هاوردەكارەوە بوە بە بەرهەمهێن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و ستافی وەزارەتەكە باسیان لە چارەسەركردنی كێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێم كردوەو بەڵێنیانداوە لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ چارەسەركردنی یەكجاریی ئەم كێشەیە دەخەنە ئەولەوییەتی كارەكانیانەوە.
ئاماژەشیكردوە، دەستخۆشی لێكردون كە بەهۆی هەوڵەكانی ئەوانەوە لەم كابینەیەدا هەرێمی كوردستان لە هەرێمێكی هاوردەكارەوە بوە بە هەرێمێكی بەرهەمهێن و كەرتی كشتوكاڵ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەشیكردوە، لەكۆبونەوەیەكی دیكەیدا لەگەڵ عەبدولڕەحمان عەلی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی بەنداو و كۆگانی ئاو و ستافی بەڕێوەبەرایەتییەكە، خۆشحاڵیی دەربڕیوە كە لەم كابینەیەدا ژمارەیەكی باش بەنداوی گەورەو بچوك دروستكراون، داوای لێكردون پلانێك ئامادە بكەن بۆ روبەڕوبونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و كەمبارانی لە ساڵانی داهاتوداو هەروەها پلانێكی دیكەش ئامادەبكەن بۆئەوەی لە بەنداوەكان وەك شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش كەڵك وەربگیرێت.