نەوا-
بڕیاری كەمكردنەوەی پارەی گەنم ناڕەزایەتی جوتیارانی سنوری پارێزگای كەركوك و عیراقی لێكەوتەوەو ژمارەیەك جوتیار لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا.
بەپێی بڕیارێكی حكومەتی عیراق، ئەو جوتیارانەی لە نێو پلانی كشتوكاڵی تۆمار كراون، پێشتر بۆ هەر تۆنێك گەنم 850 هەزار دیناریان پێ دەدرا، بەڵام ئێستا بڕی پارەكە كەمكراوەتەوە بۆ 700 هەزار دینار، هاوكات ئەو جوتیارانەی لەو پلانەدا تۆمار نەكراون لە بەرامبەر وەرگرتنی هەر تۆنێك گەنم تەنها بڕی 500 هەزار دیناریان پێ دەدات.
لە خۆپیشاندانەكەی گۆڕەپانی تەحریردا جوتیارەكانی پارێزگای كەركوك جەختیانكردەوە، لەبەرئەوەی ئەوان لە سنوری مادەی 140 دان و لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵین، حكومەت لە بەرانبەر وەرگرتنی هەر تۆنێك گەنم تەنها 500 هەزار دیناریان پێدەدات، ئەم پارەیەش زۆر كەمەو زیانێكی زۆریان پێ دەگەیەنێت و ناچاریان دەكات بیر لە وازهێنان لە كاری جوتیاری بكەنەوە.