بەمەبەستی پاراستنی سروشتی ناوچەكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری راپەڕین بە چاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین كەمپینێكی بۆ پاككردنەوەی دارستانەكانی شارۆچەكەی قەڵادزێ كە بە غابات ناسراوە ئەنجامدا.
كەمپەینی پاككردنەوەی غاباتی قەڵادزێ بە دروشمی پێكەوە بۆ قەڵادزێیەكی سەوزترو ژینگەیەكی تەندروست و بە بەشداری چەندین كەسایەتی و توێژی جیاواز ئەنجامدراو تیایدا روبەرێكی فراوان لە غاباتەكە پاككرایەوە.
لەوبارەیەوە رێباز پیرۆت بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار رایگەیاندوە، هەفتانە چەند رۆژێك هەڵمەتی پاككردنەوەی سەرجەم ئیدارەی راپەڕین بەشوێنە گەشیارییەكانیشەوە دەكەن، دەیانەوێت پەیامێك بگەیەنن ئەویش ئەوەیە كە هەر كەسێك لە ئاستی خۆیەوە بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە ژینگە.