جەمال كۆچەر: هەرێم پێش جەژن داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێرێت مووچە دابەشدەكرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی مووچەی مانگی ئایار پێش هاتنی جەژنی قوربان ڕەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە بەغداد.
جەمال كۆچەر هۆشداریشیدا لە هەر جۆرە دواكەوتنێك لە ڕادەستكردنی داهاتەكان، دەبێتە بیانوو بۆ بەغداد تا ناردنی مووچە دوابخات.
سەبارەت بە پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ماوەی دە ساڵە ڕاگیراوە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشكرای كرد، دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوتای بەغداد بێت و پلەبەرزكردنەوەیان بۆ ئەژمار بكرێت.
باسی لەوەشكرد، پلەبەرزكردنەوە نزیكەی 50 بۆ 60 ملیار دینار دەخاتە سەر كۆی گشتی تێچووی مووچەی مانگانەی هەرێم، بەغدادیش ئامادەیە ئەو پارەیە بنێرێت، بەڵام كێشەكە لە هەولێرە چونكە تا ئێستا لیستی وردی فەرمانبەرانی بەپێی پلە و سەرمووچە و بە كۆدی نوێوە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەكردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە پرسی مووچەدا، كۆچەر ڕایگەیاند كە پێویستە هەرێمی كوردستان داتا و زانیارییەكان ڕەوانەی بەغداد بكات تاوەكو پارە بنێردرێت.
وتیشی: ئەگەر هەرێم داتا نەنێرێت، بەغداد پارە نانێرێت، وەك چۆن لە مانگی ڕابردوودا بەهۆی دواكەوتنی داتاكانی هەرێمەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوت.