نەوا-
بەشێك لە پزیشكانی گشتی كە دەرچوی زانكۆكانی دەرەوەی هەرێمن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لەچوارچێوەی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێم و لەو زانكۆیانەی كە باوەڕپێكراو بون بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، هەمو مەرجەكانیان جێبەجێكردوە، بڕوانامەكانیان یەكسان كردوەو بونەتە ئەندامی سەندیكای پزیشكان، بەڵام ماوەی سێ ساڵە دانەمەزراون و پڕۆسەی پلەبەندییەكەیان بەشێوەیەكی نایاسایی دواكەوتوە.
ئاماژەیان بەوەشكرد، دوای سێ ساڵ لە دانەمەزراندنیان لەلایەن حكومەتەوە، ئێستا پڕۆژەیەكیان ئامادەكردوە دەیدەنە لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە پڕۆژەكەدا داواكارن لە كەرتی تایبەت و لەسەر میلاكی وەزارەتی تەندروستی دابمەزرێن.
وتیشیان، بەگوێرەی یاسا پەیڕەوكراوەكان نابێت هیچ جیاوازییەك لەنێوان پزیشكانی دەرچوی ناوخۆ و ئەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت، ئەوان داوا دەكەن وەك هاوپیشەكانیان مافی دامەزراندنیان پێ بدرێت و چیتر لە مافە یاساییەكانیان بێبەش نەكرێن.