كۆرۆنای تەعزیەكە و ژمارەكانی پارێزگاری هەولێر

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی

13/04/2020

وێڕای دەستخۆشیم لە بەڕێز پارێزگاری هەولێر بە سەركەوتوانە توانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە تەعزێیەكدا كۆنتڕۆڵ بكات، بەڵام لە پاڵ مژدەی سەركەوتنی بەسەر كۆرۆنای تەعزێی كارێزاندا، هات و بەسەربەرزانە ئەم هەرێمە مەغدور و مەنكوب و بەكاربەرەی لە گەڵ ئەمریكا بەروارد كرد، بۆیە لێرەوە دەمەوێت بە داتا و ژمارە و زانیاری باسی چۆنیەتی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمریكا بكەم، بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستانیش بەرواردی ڕەوشی خۆیان بكەن لە كەرنتینەدا لەگەڵ گەلی ئەمریكا.
تێست :  پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، كە ئیدارەی پارێزگای هەولێر لە تێستكردن زۆر لە پێش ئەمریكاوەیە، بە ژمارە ئاماژەی دا، كە لە ئەمریكا لە هەزار كەس 3 كەس تێستی بۆ كراوە، بێئاگا لەوەی ئێستا لە ئەمریكا ملیۆنەها كەس تێستی بۆ كراوە، بەپێی داتا و زانیاریی فەرمیی ئەمریكا، 3 ملیۆن كەس تێستی بۆ كراوە، كە دەكاتە 1%ی نەتەوەكەیان، وە ئامانجی ئیدارەی ئەمریكا ئەوەیە كە زۆرینەی گەلی ئەمریكا تێستی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، دڵنیام پێش خوێندنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئەمریكا تێستیان بۆ كراوە، لە هەموو دانیشتوانی ئەم هەرێمەی ئێمە زیاترە، نەك هەولێر .
لە ئەمریكا لە هەوڵی دۆزینەوە و دابینكردنی دوو جۆر تێستن، كە دەسەڵات دراوە بە هەموو ویلایەتەكان كە بەرهەمیبێنن، یەكەم جۆر تێست ئەو تێستیە كە لە كوردستان و هەموو جیهان بە كاریدەهێنن بۆ دیاریكردنی توشبوانی ڤایرۆسەكە.
جۆری دووهەم پێی دەڵێن ئەنتی بۆدی، بزانن ئەم كەسە لە پێشوودا كۆرۆنای گرتوە یاخود نا، ئەگەر گرتویەتی مەناعەی نەخۆشكە لە چ ئاستێكدایە، دەتوانێت بچێتەوە سەر كاری خۆی و ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ بكات؟
بودجە : لە سەرەتای دەركەوتنی كۆرۆنا لە ئەمریكا سەرۆكی ئەمریكا و كۆنگرێس بودجەی تایبەتیان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا  تەرخانكرد، لە رۆژی 6/3 یەكەم جار سەرۆكی ئەمریكا  8 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تەرخانكرد، دواتر لە رۆژی 18/3 بۆ جاری دووەم 50 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان كرایەوە، ئەم بودجەیە بە كتوپر ناودەبرێت، دواتر لە رۆژی 27/3 دوو ترلیۆن دۆلار (بۆ ئەوەی بۆ جەنابی پارێزگاری ڕوونتر بكەمەوە، ئەو دوو ترلیۆنە دەكاتە 2 هەزار ملیار دۆلار) ئەم بودجە زەبەلاحە بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا تەنها لە لایەن كۆشكی سپی تەرخان كراوە، وە لە لایەن كۆنگرێسەوە ڕۆژی 10/4 بڕی 750 ملیار دۆلاری  تەرخانكرا.
لێرەوە لە پارێزگاری هەولێر دەپرسین، لە دابینكردنی بودجەدا لە پێشەوەن؟ ئایە بەراوردێكمان بۆ ناكەیت تا ئێستا حكومەتی هەرێم ڕوونی نەكردۆتەوە چەند ملیار دۆلاری بۆ ئەم پرسە تەرخان كردوە؟؟ ئایا بە چ شێوازێك خەرج كراوە؟ بۆ چ كەرتێك خەرج كراوە؟ من كە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانم هیچ زانیاریەكم لا نیە، بەڵام لە كوردستانەوە دەزانم لە ئەمریكا چۆن خەرج دەكرێت و بۆ چ كەرتێك دابینكراوە.
هاوڵاتیانی هەرێم و ئەمریكا لە كاتی قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتینەدا :
هەر هاوڵاتیەكی ئەمریكی بڕی هەزار  و 200 دۆلار  بە چەكی بانقی دەچێتە ماڵەوە بۆیان لەم قەدەغەی هاتووچۆیەدا، بۆ هەر مناڵێكیش بڕی 500 دۆلار دەدرێت بە خێزانەكەی.
پارەكانی تریش بەم شێوازە دابینكراوە و خەرج دەكرێت، بۆ كەرتی تەندروستی و ئەو هاووڵاتیانەی نەخۆشن، بۆ كەرتی خوێندن، بۆ كەرتی پەیوەندیكردن بە گشتی، بۆ یارمەتیدانی دایكان و باوكان، كە منداڵیان هەیە و ناچنەوە بۆ خوێندن، بۆ ئەو كەسانەی بێلانەن و خانویان نیە، هۆتێلیان بۆ دابین دەكرێت تا بارودۆخەكە باش دەبێت، بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵاتن، بۆ ئەو كەسانەی داوای مافی پەنابەریان كردوە تا كۆرۆنایان لەناودا بڵاونەبێتەوە، بۆ كەرتی هاتووچۆ لە وڵاتدا، بۆ ئەو كەشتییانەی هاتووچۆ بە خەڵك دەكەن بۆ خۆشی و گەشتوگوزار، بۆ ریستۆرانتەكان، بۆ دامەزراوكانی دەوڵەت، بۆ بانكەكان، بۆ هێڵەكانی فڕۆكەوانی، كە ئێستا گەشتەكانیان راگیراوە، تا مایەپوچ نەبن، بۆ هۆتێلەكان كە ئێستا چۆڵن، ئەمانە تەنها لە بودجەی كۆشكی سپی تەرخانكراوە.
750 ملیار دۆلارەكەی كۆنگرێس بڕی 400 ملیار دۆلاری تەنها بۆ نەخۆشخانەكان و پێداویستیەكان خەرج دەكرێت، 350 ملیار دۆلارەكەی تر تەنها بۆ ئەو كەسانەی لەم كەرەنتینەدا ئیشەكانیان لەدەستداوە، یان لە ئایندەدا لە دەستی دەدەن.
كارگەكان لە هەرێم و ئەمریكا :
ئیدارەی ئەمریكا گرێبەستی لەگەڵ سەدان كۆمپانیا و كارگە گەورەكان كردوە، كە جۆری بەرهەمهێنانی گۆڕیوە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستیە پزیشكیەكان، بەتایبەت ئامێری هەناسەدان (ڤێنتی لەیتەر) و پێداویستیی خۆپارستن بەرهەمبهێنن، وەك كۆمپانیای گەورەكانی  (فۆرد ، جەنەرال مۆتۆرز، سری جی، تێسلا)، لە هەرێمی كوردستان پێش كۆرۆنا  لەهەولێر 2 هەزار و 52 كارگە و لە سلێمانی هەزار و 115  كارگە و لە دهۆك 574 كارگە هەبوون، لەكۆی 3 هەزار و 736 كارگە، 2 هەزار و 55 كارگەیان داخراون، زیاتر لە هەزار كارگەیان گوازراوەتەوە بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق، هەموومان دەزانین لە سەردەمی كەرەنتینە داخستنی كارگەكان نزیكبۆتەوە لە 10%.
بۆیە پێوستە هاووڵاتیان و خۆێنەری كورد، كە سیاسیەكانی وڵات یان ئێمەی پەرلەمانتار و وەزیر و پارێزگارەكان قسەیان كرد و باسی سەربەرزیی حكومڕانی و ژمارەی كرد، گرنگە خێرا بڕوامان پێ نەكەن، بەڵكو پێوستە بەدواداچون بۆ قسەكانمان بكەن و لە راستی و دروستی بكۆڵنەوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group