حەنین بۆ بەغداد

د.سەردار عەزیز

28/04/2020

ئاڵوگۆڕی وەلا‌ء و پابەندی و گۆڕینی سەنگەر و لایەن، چەندین سەدەیە كاری كوردە. 
كورد لە ناوچەیەكدایە كە لە نێوان كۆمەڵێك هێزی ئیمپراتۆریدا بوە و لە ناوەندە ئیمپراتۆرییەكانەوە بەكاربراوە و ئەویش خۆی ئەم پرۆسەیەی مەیسەر كردوە. هەمیشە پاڵنەری سەرەكی لە ڕەفتاری كورددا، هەڵوێست بوە بەرامبەر كوردە دراوسێیەكی تر.
ئێمە ئێستا لە دۆخێكی ئەوەندە جیاوازدا نین، چونكە شتێك دروست نەبوە ناوی نەتەوەی كورد بێت.
جارێكیان لەگەڵ دیپلۆماتێكی بەریتانی لە جێگایەك قاوەم دەخواردەوە، ئەو بەرپرسی پێشوی بەشی سەربازی باڵیۆزخانەی بەریتانیا بوو لە یەمەن، باسی یەمەنمان دەكرد، لێم پرسی: یەمەن چەندێك نەوتی هەیە؟ لە وەڵامدا ووتی: ئەوەندەی هەیە كە نۆزدە كەسی كردوە بە ملیاردێر. لە كاتی قسەكانیدا لە تێڕوانیەنەكەی تێگەشتم، كە هەرچەندە ڕاستی دەوت، بەڵام توانجی دەدا، كە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە هەمانجۆرە.
نەوت لە هەركوێ دەزگا نەبوبێت، هەمیشە بوەتە ئامرازی دەستی كەسەكان بۆ پتەوكردنی پێگەكانی دەسەڵات و حوكمیان. مێژوش سەلماندویەتی نە ئێمە و نە گەلانی دەروبەرمان لە ئەو گەلانەنین، كە بە ئاسانی لە حوكمی هێزەوە بگوێزینەوە بۆ حوكمی یاسا. هەر لە ڕۆشنگەریی ئەوروپییەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم دیدە بۆ ئاسیا لە ئارادایە. هەتا ئەم گواستنەوەیەش فەراهەم نەبێت شتێك نایەتە بون بە ناوی دەزگا لەسەر بنەمای ڕێسای عەقڵانی.
لە نەوتدا بەغدا و هەرێم ئەوەندە جیاوازنین. بە دیدی من بەغدا زۆر زۆر خراپترە. چونكە وەك دەوڵەتێك بەغدا دەرفەت و توانای زیاتری هەیە، بەڵام لەبەر حوكمی وۆرلۆردەكان ناتوانێت سامان بكاتە بنەمای گەشەپێدان.
لە هەرێم خیتابێك هەیە، كە بەغدا باشترە. بەشێكی زۆری ئەمە پەرچەكردارە، دەچێتە خانەی ئەو ململانێ بەرتەسكەی نێوان كورد خۆیانەوە.
لە ڕاستیدا نە بەغدا و نە هەرێم بەوجۆرە مامەڵە ناكەن كە بتوانن خۆیان لە قەیران بپارێزن. دەكرێت ئەمە بە چەند جۆر لێكبدرێتەوە. یەكێك لەو گۆشە نیگایانەی كەم باسی لێوەكراوە، قەیرانی دیموكراسییە. لە كاتێكدا كۆمەڵگایەك ئامادەنیە بۆ دیموكراسی، بەڵام بە هۆی فشاری دەرەكی و دۆخی جیهانی، ناچارە هەڵگری خیتابی دیموكراسی بێت، ئەوا دیموكراسی بە جۆرێك دێت كە دی-دیموكراسی بێت. بە مانای ئەوەی كە دیموكراسی نە دەسەڵاتی خەڵك بێت و نە ببێتە هۆكاری گۆرانكاری. نەوت پاڵنەرێكی هەرە سەرەكی دژایەتی دیموكراسییە. تیمۆسی میتچڵ بە جوانی باسی ئەم پەیوەندییە قەیراناوییەی نێوان دیموكراسی و نەوت دەكات.
Timothy Mitchell Carbon Democracy: Political Power in the Age of Oil
ئێستا دۆخەكە پێش ئەوەی باش بێت خراپ دەبێت، چونكە چاوەڕوان دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتودا ئەوەی لە ئەمریكا ڕویدا لە ئاستی جیهاندا ڕوبدات. بەڵام قەیرانەكە لە ئاستی دونیادا كاتییە. ئەم هەڵبەز و دابەزە دۆخێك بەرهەم دەهێنێت، كە لە ئابوریدا پێی دەڵێن ڤۆلەتیڵیتی. ڤۆڵەتیڵیتی تەنها خراپ نیە بەڵكو لە ئابوری تۆكمەدا بە سودە.
ئابوری سەرمایەداری هەمیشە پڕیەتی لە هەڵچون و داچون. بەڵام ئابوری كاتێك قەیراناوی دەبێت كە نەتوانێت بەرگەی هەڵچون و داچونەكان بگرێت و لەوەش خراپتر دەسەڵاتی نەبێت بەسەر یارییەكەدا.
گواستنەوە لە نەوت، گواستنەوەیە لە ژیان و خەیاڵ و خەون و زۆر شتی ترەوە، بۆیە بە ئاسانی فەراهەم نابێت. بەڵام داهاتوو زۆر پڕ لە ناسەقامگیرییتر دەبێت، چونكە عێراق بە ئاستێك زیاد دەكات لە ڕوی دیموگرافییەوە، بە بەراورد بە ئابورییەكەی جیاوازییەكی زۆر لە نێوان توانای ئابوری و ژمارەی دەمە برسییەكاندا دروست دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group