لابردنی پارێزبەندی لەسەر كاك سۆران عومەر

ئاری محەمەد هەرسین

09/05/2020

لەكاتی قسەكردن لەسەر هەلومەرجی ئێستای هەرێمی كوردستان، هیچ پێویست بە درێژەدان  بە قسە ناكات و پێویست ناكات كەسێك پۆست دكتۆرای لە سیاسەتا بەدەستهێنابێت بۆ ئەوەی لە قورسایی ئەو قەیرانانە تێبگات، كە بەرەوڕوی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە. 
سیاسەت (ئەگەر بە مەبدەئەوە بكرێت) بریتیە لە ئیدارەدان و بدە و بستێن لە پێناو خزمەتكردنی میللەت، ئەركی سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەریش هیچ نیە جگە لە جێبەجێكردنی ئەو دوو ئەركە بە قازانجی میللەت. 
بەداخەوە بەم جۆرەی ئێمە لە كوردستان سیاسەت ئەكەین، لە ڕاستە شەقامی ئەو پێناسەیەی سەرەوە لامانداوە، كەسانی نا سیاسی و دوور لە مەبدەئی نیشتیمانی خزێنراونەتە ناو جومگە سیاسیەكان، كە لەبری ئەوەی ئینتیمایان بۆ میللەت، نیشتیمان و ئاڵا هەبێت، دەروێشی كەسایەتی، پلە و پۆست و بەرژەوەندیی شەخسی و ئاینین.
لە چوارچێوەی سنورەكانی دیموكراسیدا دەسەڵاتەكان لە كۆمەڵگەدا جیاكراونەتەوە و مەسەلەی ئازادیی رادەربڕین دەستەبەر كراوە، بەڵام سنور بۆ ئازادی داندراوە و ئینسان هەتا ئەوكاتە ئازادە ڕای خۆی دەرببڕێت، كە سنوری ئازادی كەس (یان گروپێكی تر) نەبەزێنێت، ئیتر ئەم كەسە لە هەر پلە و پایەیەكی كۆمەڵایەتیدا بێت. 
بەداخەوە، زمانی قسەكردنی كاك سۆران عومەر هەرگیز لای بەندە جالب و سەرنجڕاكێش نەبوە، نەك لەبەر ئەوەی (هەندێك) لە قسەكانی ڕاست نین، بەڵكو لەبەر شێوازی گوتنیان. عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت، ئایا كێشەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لە كاك مەسرور بارزانیەوە دەستپێدەكات و بەویش كۆتایی دێت؟ بۆچی لە ئێستادا و لەم تەوقیتە؟ پارلەمانتاری ئازاد ئەندیش نابێت بهێڵێت خەڵكیتر بیكەنە بەشێك لە ئەجێندای خۆیان، بۆچی لەم كاتەدا كە ئێمە (هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان) و بەتایبەتیش ئێمە و یەكێتی و گۆڕان پێویستمان بە یەكدەنگی، یەكڕیزی و تەبایی هەیە.
هەندێك لە برادەرانی ئێمەی پارتی لە رابردودا بە كاك سۆران-یان ئەوت  تیرۆریست، ئەی باشە كە تێرۆریستە بۆچی فراكسیۆنی پارتی دەنگی بە كاك سۆرن دا (ساڵی 2014) بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پارلەمان، بۆچی قبوڵمانكرد لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی حكومەت تەشكیل بكەین (كابینەی 8 و كابینەكانی تریش). 
عەیب و عاری ئەو زمانەشی كە كاك سۆران عومەر بەرامبەر ئێمە بەكاری ئەهێنێت، لە پێشدا بۆ خۆی و حیزبەكەی ئەگەڕێتەوە. چونكە ئەگەر لەگەڵ دز، جەردە و مافیا چویتە معامەلەوە، ئەوا شەریكیانیت و هیچ جیاوازیەكت لەگەڵ ئەواندا نیە (بەڵگەی ئایەتی قورئان و حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام د.خ. لەسەر ئەم مەسەلەیە زۆرن). لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت بە سەدان هەزار موسوڵمانی كوردستان نەهاتنە سەرشەقام بۆ هەڵوێست پیشاندان لەسەر لابردنی پارێزبەندی نە لەسەر كەسایەتیەك كە خۆی ئەڵێت موسوڵمانم، نە بۆ حیزبەكەشی كە خۆی بە نمایەندەی خوای بێشەریك و قورئان و پێغەمبەرەكەی د.خ لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان ئەزانێت. 
ئینسان لە خۆی ئەپرسێت، ئیتر كەڵكی پارلەمان چیە؟… كە هەموو شتێك (هەر وەك هەمیشە) لەلایەن مەكتەبی سیاسی حیزبەكانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، لە هەموو دانیشتنێكی پارلەمانەوە ئەم میللەتە لای ئاشكرابێت، كە ئەمە بەرە پڕ جەنجاڵەكەی كوردستانیە و هیچیتر. ئیتر پارلەمانمان بۆچیە؟… ئەگەر ڕۆژێك بزوتنەوەی گۆڕان زۆرینەی پارلەمانی بەكاربهێنێت بۆ دامركاندنەوەی ڕق و توڕەبوونی خۆی لە قوتكردنەوەی (نامەعقولی) هەمواری قانونی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2015، یان ئیمە ئەم زۆرینەی پارلەمانیە بۆ مەسەلەیەكی زۆر بچووك (لەچاو گەورەیی بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتیمانی) بەكار بهێنین، جیاوازی چییە؟…

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group