"كە وەك كورد پەلاماردرایت پێویستە وەك كود بەرگریی لەخۆت بكەیت"

مەریوان وریا قانع

18/06/2020

لە چاوپێكەوتنێكدا لە ساڵی 1964 ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانیی ئەمریكیی ھانا ئارێنت سەبارەت بە ھێرشكردنە سەر جولەكە وەك جولەكە دەڵێت: ”ئەگەر كەسێك وەك جولەكە ھێرشی كرایەسەر پێویستە ئەو كەسە وەك جولەكە بەرگریی لەخۆی بكەیت، نەك وەك ئەڵمانییەك، نەك وەك ھاوڵاتییەكی جیھانیی، نەك وەك ھەڵگری مافەكانی مرۆڤ، یاخود ھەر شتێكی تر“. ھەروەھا دەنوسێت ”كەسێك وەك جولەكە ھێرشی بكرێتەسەر ناتوانێت وەك ئینگلیزێك یان فەرەنسییەك بەرگریی لەخۆی بكات“. ئەوەی ھانا ئارێنت لێرەدا پێی لەسەر دادەگرێت بەرگریكردنی مۆڤە لە خۆی وەك مرۆڤێكی كۆنكریتیی ناو ژینگەیەكی كۆنكریت بە بوونێكی كۆنكریتەوە. وەك كەسێك ھەڵگری شوناسێكی تایبەت، وەك فۆرمێك لە ئینسانبوون خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی. بەرگیركردن لە مرۆڤایەتی ئەبستراكت، لە مرۆڤ بە مانا موجەرەدەكەی، ناتوانێت ئەو فۆرمانەی ژیان و ئەو فۆرمانەی شوناس بپارێزێت كە ھەڵگری خەسڵەتی تایبەتن و ئەو خەسڵەتەش وایان لێدەكات پەلامار بدرێن.
لەو دیدەی سەرەوەدا ھانا ئارێنت ڕەخنە لەو دیدە مرۆڤدۆست، ھیومانیستییە، موجەرەدە دەگرێت، كە بە ئەزموون دەركەوتوە ناتوانێت فریای ئەوانە بكەوێت، كە لەبەر فۆرمێكی تایبەتی شوناس و فۆرمێكی تایبەتی مرۆڤبوونیان، پەلامارئەدرێن. ھەروەھا بەرگریی لەوەش دەكات، كە نابێت مرۆڤ تەسلیم بە خواست و فشار و پەلاماریی ئەو سیستمە باڵادەستانە بێت، كە كەسەكانیان بەو شێوەیە قبووڵ نییە، كە ھەن و دەیانەوێت ھەبن.   
كەسێك وەك ڕەشپێست ھێرشی بكرێت سەر پێویستە وەك ڕەشپێست بەگریی لەخۆی بكات، كەسێك وەك ژن ھێرشی بكرێتەسەر پێیستە وەك ژن بەرگریی لەخۆی بكات، كەسێكیش وەك مەسیحیی یان موسڵمان یان عەلمانی یان بێدین، ھێرشی بكرێتەسەر پێویستە وەك مەسیحی وەك موسڵمان وەك عەلمانیی و وەك بێدین بەرگریی لەخۆی بكات. ژیانی ئینسانەكان لە جیھاندا ژیانێكی فرەڕەنگ و پلورالە، ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت پاراستنی ئەم پلوارلبوون و فرەڕەنگییەیە نەك سەپاندنی ئەم یان ئەو فۆرمی مرۆڤبوون بەسەر ئەوانیتریاندا. بەرگریی ڕاستەقینەی كەسێك، كۆمەڵەیەك، میلەتێك ئەوەیە بەرگریەك بێت بەناوی ئەو كەس و كۆمەڵە و میلەتەوە.
ئێستا لەبەردەمی ھێرشی سوپای توركیادا بۆسەر كوردانی باكور و ھاتنی ئەم سوپایە بۆ ھەرێم، بەرگریی ڕاستەقینە بەرگرییە بەناوی كوردبوونەوە، بەناوی شوناسێكەوە كە بە میلەتێكی چەند ملیۆنی بوونێكی تایبەت و پێگەیەكەی تایبەت لەناو جیھانی ئەمڕۆدا دەبەخشێت. توركیا كە توانای قبووڵكرنی ھیچ فۆرمێكی كوردبوونی نییە، مەگەر ئەو فۆرمانە نەبێت كە خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت، بەرگریكردن بەناوی كوردبوونەوە فۆرمی سەرەكیی و ڕاستەقینەی بەرگرییكردنە. كە وەك كورد پەلاماردرایت پێویستە وەك كورد بەرگریی لەخۆت بكەیت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group