دوای ساڵێک لە تەمەنی کابینەی نۆ، چاکسازییەکانی چین؟

هۆشیار عەبدوڵڵا

11/07/2020

یەکەم:
دوای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر تەمەنی کابینەی نۆ دا،چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم مەگەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بن ؛
1.دواخستن و کەمردنەوەی موچە.‬
‫2.لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین تەنها بە قسە.‬
‫3.دامەزراندنی یاریدەدەر بۆ سەرۆک بە جوملە.‬
‫4.هێشتنەوەی مەلەفی نەوت بەهەمان سیاسەتی کابینەکانی رابردوو.‬
‫5.هێشتنەوەی داهاتی ناوخۆ و گومرگەکان لەناو تاڵانیی و جەردەییەکانی زەمانی زوو.‬
‫6.سەرباری بونی وەزارەتێک بۆ تەندروستی دامەزراندنی دەزگایەک بۆ دەرمان.‬
‫7.هێشتنەوەی بندیوار و حزبی و ناوی دوبارە لە ناو لیستی موچەخۆران.‬
8.قڕ و قپکردن بەرامبەر تەراتێنی سوپای داگیرکەران لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.
9.تۆخکردنەوەی دێگەڵە وەک سنوری نێوانیان.
فەزیحەکانیی تری وەک وەعد و قسە پێچەوانەکانی بەرپرسانی حکومەت بەتایبەت سی ملیار قەرزەکە کە دوایی بو بە ئیلتیزامات و ٤٠٠ ملیارە بێ سەروشوێنەکە و بەڵێنی کردنەوەی هەژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران(ئەگەر پێیان خۆشبێ!) و تیرۆری کەسایەتی مەعنەوی تەماتەی کوردی ناکەمە خاڵی سەربەخۆ،حەتمەن کابینەی نۆ دەسکەوتی زیاتری هەن من هێندەم لە بیرن،خۆ ئەگەر تۆی لایەنگر و پشتیوانی ئەم(هەڵپەركێ سێ پێییە) پێت وایە ئێمە هەڵەین و هەنگاوی تری گەورەی چاکسازی نراون فەرمو بۆمان بژمێرە و باسیان بکە.‬
دووەم:
‫ ‫ئەو بەڵێنە شەش مانگییەی لە کابینەی نۆ درابو بۆ چاکسازی بو بە ساڵێک و هیچی لێ سەوز نەبو!!ئێستا ئیدی وازیان لەوە هێناوە کات بۆ چاکسازی دیاریبکەن دەڵێن گرنگ ئەوەیە بکرێ جا کەی؟گرنگ نیە!‬
‫ئێستا سەردەمیی تاوانکردنە بەناوی چاکسازییەوە،مەگەر کەمکرنەوەی موچەیان ناو نەناوە رێکخستنەوەی موچە؟‬!ئەوەی کە بریارە و وەعدە و بەیاننامەیە کە تەنها بۆ یەک مانگ دەبێت و بەس.
سێهەم:
‫حوکمڕانی بە ئینشا و پیاهەڵدان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک و فرۆشتنەوەی شکست بە تامیی سەرکەوتن نابێ،بە بەڵێنی بێ ئاسۆی جێبەجێبون و بەوەش نابێ لەگەڵ شەقام دو ڕوو بی،ساڵێک تەمەنی ئەم کابینەیە بەسە بۆ ئەوەی لێت رون و ئاشکرا بێ کە تا سەر ئێسقان شکستخواردوە بوە و دەبێ چونکە نەک ساڵی یەکەم ۱٠٠ رۆژی یەکەم سیگناڵ و موئەشرێکی باش و زانستییە بۆ هەڵسەنگاندنی هەنگاو و پلانە ستراتیژیەکانی هەر حکومەتێک،ئیدی چاکسازی چیی؟!کامە؟کوا؟کەی؟‬

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group