ئەو 4 سێوەی ڕێڕەوی دنیا و قیامەتیان گۆڕی

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

16/10/2018

سێوەكەی ئادەم و حەوا، سێوەكەی ئیسحاق نیوتن، سێوەكەی ستیڤن جۆبس و سێوەكەی بارزانی!!..
لاتان سەیرنەبێت كە دەڵێم سێوەكەی بارزانی ڕێڕەوی دنیای گۆڕی!.
ئاخر ئەو سێوە بوو (سوننە و شیعە) و (توركیا و ئێران) و (ئێران و عیراق) و (ئێران و ئەمەریكا) و (تورك و فارس و عەرەب)ی كردەوە بە برای گیانی بەگیانی بۆ گیانی كورد و خاكەكەی، بەڵێ ئەو سێوەی گوایە وەیخڕ پاشا لەنێوان كورد و عەرەبدا عێراقی پێ لەتكرد، ڕێڕەوی ئەو دنیایەی كورد و دوژمنەكانی گۆڕی كە سەدساڵ بوو لەپێناویدا تێكۆشاین و قوربانی بۆ درا!!..
ئەو سێوەی فڕۆكەخانە و گومرگ و نەوت و غاز و خاكی پێ تەسلیمی عێراق كرایەوە، ئەو سێوەی كوردی پێ دوو لەت كرا و پێشمەرگەی پێ قاش كرا، ئەو سێوەی خوێنی دوو هەزار پێشمەرگەی شەڕی داعشی پێ بەفیڕۆچوو، ئەو سێوەی برینی هەزاران برینداری دژبەتیرۆری كولاندەوە، ئەو سێوەی بووە خەنجەرێكی ژەهراوی كە هێواش هێواش بۆ هەنجن هەنجن كردنی جەستەی قودسی كوردستان تیژدەكرایەوە، ئەو سێوەی ڕەنج و خوێنی سەدساڵەی كوردی پێ بە هەدەردرا!!..
لەتكردنی ئەو سێوە نەبوایە چ هێزێك دەیتوانی ئەو ڕێڕەوە بگۆڕێ و بەوجۆرە دوژمن زاڵ و سەركەوتوو، ئێمەش پەنجا ساڵ بۆ دواوە بگەڕێینەوە؟


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group