دیسان بەردەكە بەر سەری كورد كەوت!

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

29/12/2018

ماوەیەك لەمەوبەر رەخنەم گرت لە مەسەلەی كردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر كە بەگەورەترین كونسوڵخانەی جیهان ناوزەندكرا، دواتر وتارێكم لەژێر ناونیشانی (لەقەیسەرەوە تا پۆتین) نووسی، رەنگە بڕوانەكەن چەند نامە و تەلەفۆنم بۆ هات تاكو ئەو بابەتانە لابەرم! كاتێكیش هۆكارەكەیم پرسی وتیان (ئاخر ئەمەریكا و روسیا دۆستی كوردن با عاجزیان نەكەین)، سەرەتا وتم ئەوانە كەسیان دۆستی كوردنین و هەرگیزیش نابنە دۆستی كورد، شەرمە گاڵتە بەخۆمان بكەین، دەفەرموو ئەوەش دۆستایەتی!.
زۆر سەیرە ئەگەر بەردێك لەئاسمان بكەوێتە خوارەوە بەر سەری كورد ئەكەوێ! ئاخر بڵێ كاكە ترامپ لەم سەری ساڵەدا ئەو نەگبەتییە چی بوو تووشت كردین؟! برام خۆ كریسمس جەژنی لێبوردەیی و بەخشندەیی و میهرەبانی و خۆشەویستییە، ئەرێ پێمناڵێیت بۆ لە كریسمسدا كوردت وەك بەرخەكانی جەژنی قوربانی خۆمان كردە قوربانی...؟!
بەڕاستی نازانم ساویلكەیی و نەزانی و خۆش باوەڕی خۆمانە كە (بە بستێك ئاو دەكەوینە مەلەكردن) یانیش بەدبەختی هەر لەچارەمان نوسراوە و قەدەر و چارەنووسی ئێمە بەوجۆرەیە؟!
كورد ئەڵێ (ئەگەر جارێك فێڵت لێكردم خوا بتگرێ، ئەگەر دووجار فێڵت لێكردم خوا خۆم بگرێ) وابزانم ئەوەندەجار فێڵمان لێكراوە دەبێت بڵێین خوا هەردوو لامان بگرێ!.
جا بۆ نەگبەتی سەرەڕای پلانگێڕی دژ بە كورد و ئەو هەموو چرا سەوزەی لەلایەن زلهێز و مێشك بچووكەكانەوە بۆ سوڵتان ئەردۆغان هەڵكراوە، كێشەیەكی تریش بەرۆكی گرتووین ئەویش (حەشدە چەكدارەكەی بارزانی-یە) كە بێ چاوێنی بێت بەتەمان ببنە فریادڕەس..! ئاخر رۆڵە ئێوە هێزە تایبەت و ئۆرجیناڵەكەتان بەرگەی پێنج دەقە شەڕی داعشی نەگرت لە شنگال، ئیتر چ باس لە هێزی علوج ئەكەیت؟! كورد وتەنی (كەچەڵ تیماركەر بوایە، تیماری سەری خۆی ئەكرد)..!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group