ئەو منداڵەی هەستی بەتاوان كرد و ئێمە هەستی پێناكەین

محەمەد فاتیح

پێش 3 هەفتە

رەنگە پێتانوابێت ئەم بابەتە هیچ گرنگییەكی نییە یاخود كارێكی رەوایە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم بابەتەی باسی دەكەین بۆتە مایەی وێرانكردنی كۆمەڵگەكەمان.
كارەساتەكە لەوەوە دەستپێدەكات ، كە ئێمە لەسەر زمان لوسی و موجامەلە و درۆكردن و پیاهەڵدان پەروەردەكراوین، نەوەك لەسەر راستگۆیی.
لێرەدا پێویست دەكات چیرۆكێكی راستەقینەی بیرمەندی ئیسلامی ئێرانی عەلی شەریعەتی بخەینەڕوو كە دەڵێت "كاتێك لە ئەوروپا دەژیام، پەیوەندیەكی زۆر خۆشم هەبوو لەگەڵ دراوسێیەكەمدا، كە خاوەنی خانوەكەم بوو، منیش بە كرێ تیایدا دانیشتبووم، تاكو رۆژێكیان پێی وتم: ئێمە دەڕۆینە دەرەوە هەندێك شتی ناوماڵ دەكڕین، هەتاكو ئەگەڕێینەوە با منداڵەكەمان لای تۆبێت".
شەریعەتی دەڵێت "كاتێك پێكەوەبوین لەگەڵ منداڵەكە، پەرداخێكی لەدەست كەوتەخوارەوە و پەرداخەكە شكا، منداڵەكە رەنگی گۆڕاو ترس و دڵەڕاوكێ دایگرت".
 منیش پێم وت "ئەوە چیتە بۆ واترسای"، ئەویش وتی "ئەترسم دایكم لێم توڕەببێت".
منیش لەوەڵامدا وتم "پێویست بەترس و دڵەڕاوكێ ناكات، كە دایكت هاتەوە پێی ئەڵێم من پەرداخەكەم شكاندوە و بابەتەكەش كۆتایی پێدێت".
عەلی شەریعەتی دەڵێت: كاتێك دایكی منداڵەكە گەڕایەوە بۆ ماڵ، وام تێگەیاند كە من پەرداخەكەم شكاندوە، بەڵام سەرلەبەیانی رۆژی دواتر دایكی منداڵەكە لە دەرگاكەمی دا و پێی وتم: هەر ئێستا ئەبێت ئەم شوێنە چوڵ بكەیت و بڕۆیت، منداڵەكەم نیوە شەو لە خەو خەبەری بۆتەوە و پێی وتم: دایە من خەوم لێناكەوێت، چونكە درۆم كرد لەگەڵتا و ویژدانم ئاسودە نییە، پەرداخەكە من شكاندومە، نەوەكو دراوسێكەمان".
عەلی شەریعەتی وتیشی: دایكی منداڵەكە پێی وتم "تاكو ئێستا ئەم كچەی من تەنانەت یەك درۆشی لەگەڵ نەكردووم، بۆیە هەر ئێستا دەبێت ئێرە بەجێبهێڵیت، چونكە تۆ منداڵەكەمت فێری درۆكردن كرد".
شەریعەتی نوسیوێتی "شوێنەكەم بەجێهێشت و شەرم و ئابڕوچون دایگرتم، چونكە بیرۆكەیەكی ناشرینم لەسەر موسڵمانان بۆ رۆژئاوا گواستەوە، كە ئێمە پێمانوایە ئەم هەڵسوكەوتانە ئاساییە كەچی ئەوان پێیان وایە تاوانە، بەڵام ئێمە هەڵەین نەك ئەوان".
منیش لێرەدا دەڵێم: ئەگەر منداڵێكی بچوك هەست بەتاوان بكات و ویژدانی ئاسوودە نەبێت، كە درۆیەكی بچوكی كردووە (كە ئێمە لەبەرئەوەی هێندە درۆی زلمان زۆرە بە درۆی سپی ناوی دەبەین) خۆ لەڕاستیشدا ئەو منداڵە درۆكەشی هەر نەكردوە، بەڵكو چاوپۆشی لە راستیەكە كردووە، ئەی ئێمە چی بڵێین دەرهەق بەخۆمان كە رۆژانە بە دەیان درۆ دەكەین؟ بەبێ ئەوەی هەست بە تاوان بكەین یان ویژدانمان ئازارمان بدات.
-دایك و باوكەكان درۆ لەگەڵ منداڵەكانیان دەكەن.
-منداڵەكانیش بەهەمان شێوە درۆ لەگەڵ دایك و باوكیان دەكەن.
-بەڕێوەبەرەكان درۆ لەگەڵ كارمەندەكانیان دەكەن.
-بەهەمان شێوە كارمەندەكان درۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرەكانیان دەكەن.
-پزیشكەكان درۆ لەگەڵ نەخۆشەكان دەكەن.
-ئەندازیارەكان درۆ لەگەڵ خاوەن كارەكان دەكەن.
-بازرگان و خاوەن دوكانەكان درۆ لەگەڵ كڕیارەكانیان دەكەن.

-به‌رپرسه‌كانمان سه‌ركرده‌كانمان سه‌رۆكه‌كانمان درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن
-حكومەت درۆ لەگەڵ گەل دەكات و گەلیش درۆ لەگەڵ حكومەت دەكات.
-تەنانەت زانایانی ئایینی و پێشەوایانی ئایینی و وتاربێژەكانیش درۆ لەگەڵ خواپەرستەكان دەكەن و هەر هەموشمان درۆ لەگەڵ خوای خۆمان دەكەین.
سەرئەنجام بوین بە كۆمەڵگەیەكی درۆزان و بە دەگمەن تیاماندا هەڵكەوتووە بوێری ئەوەبكات راستگۆ و راشكاوبێت.. ئەی كەواتە كوا ویژدانمان ؟ ئەی بۆچی هەست بە تاوان ناكەین؟.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەچەند قسەیەكی عەلی وەردی زانای كۆمەڵناسی عیراقی بكەین، كە دەڵێت "رەوشت تەنها دەرئەنجامی بارودۆخی كۆمەڵایەتییە، رۆژهەڵاتییەكان بەویستی خۆیان رەوشتیان باش نەبووە، بەڵكو دوای ئەوەی بارودۆخی سەردەمیانە و ئابوریان باش بووە ئەوانیش وردە وردە رەوشتیان باش بووە".
وەردی دەشڵێت "مرۆڤ وا راهاتووە راستی لە روانگەی بەرژەوەندییەكانی و ئەو شتە باوانەی دەوروبەری بەدی بكات، ئەگەر بێتو بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ ئەو شتە باوانە یەكبگرن، ئەستەمە دان بە راستیەكدا بنێت، كە دژبە بەرژەوەندیەكانی و ئەو شتە باوانەبن، ئەگەر بێتو راستیەكە وەكو هەتاوی رۆژگاریش رونیش بێت".
هەروەها دەڵێت " ئەو مرۆڤانەی لە عیراق ژیان بەسەردەبەن، ئەوەندەی لەگەڵ مەزهەبە ئایینیەكان تێكەڵ بوون، ئەوەندە پەیوەست نین بە ئایینەوە، لەبەرئەوە لەڕویەكەوە بێ بڕوا دەردەكەون و لەڕویەكی تریشەوە بەتایفەگەرێتی دەردەكەون".
خۆزگە هەر كارەساتی درۆكردنیش بوایە، لەپاڵ ئەم كارەساتەوە كارەساتی زمان لوسی و موجامەلە و پیاهەڵدان و ململانێی نا شەریفانەش هەیە، كە بەشێوەیەكی بەربڵاو لە كۆمەڵگەكەماندا تەشەنەی كردووە، پێت سەیریش نەبێت كە ئەو دیاردانە رۆچونەتە هەموو قوژبنێكی ژیانی گشتی و تایبەتەوە، لەكاتێكدا پێویستە ئێمە بەپێی كردار و دەستكەوتەكان هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكدا بكەین، چونكە كار و دەستكەوتەكان بە هەوڵێكی زۆر و بێوێنە دێنەدی، نەك بە زمان لوسی و موجامەلە و پیاهەڵدان و ململانێی ناشەریفانە و درۆكردن.
تۆ بڵێی زاناكان و بەناوبانگە مەزنەكانیش زمان لوسی و موجامەلە و پیاهەڵدان و درۆكردنیان بەكارهێنابێت بۆ گەیشتن بە دەستكەوتەكانیان؟.
ئێمە ئەو دیاردە قێزەونانە تەنگیان پێهەڵچنیوین و وێرانی كردوین و خەریكە مرۆڤایەتیش لەدەستدەدەین، ئەگەر بێتو مرۆڤایەتیشمان لەدەستدا ئەوكاتە هەموو شتەكان بێبەها و بێنرخ دەبن.
من شتێكی زۆر بەنرخ و گەورە بەبەها لەژیانەوە فێربووم، ئەویش ئەوەیە " پێش هەموو شتێك، مرۆڤێكی راستگۆبە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group