ڤایرۆسی كۆرۆنا چی بەسەر ئێراندا هێناوە؟

14/03/2020 نەوا

نەوا
سەرەڕای ئەوەی عیراق سنورەكانی بە رووی ئێراندا داخستوە بەڵام تائێستاش لە خاڵی سنوری "زرباتیە" هاتوچۆیەكی زۆر دەبینرێت، كە هاوڵاتیانی هەردو وڵاتن و دەگەڕێنەوە وڵاتەكانی خۆیان، تەنانەت هەندێك لەبەرپرسانی ئێران كەسوكاریەكانیان دەهێننە عیراقەوە.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، ئەو عیراقیانەی چەندین ساڵە لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەژین و جێگیر بون، دەستیان كردوە بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەیان و ئەو شارانەی تێیدا ژیاون بە "شاری تارماییەكان" ناودەبەن.
بەپێی راپۆرتەكە، نزیكەی 500 هەزار عیراقی لە ئێراندا دەژین و دەیان هەزاریان گەڕاونەتەوە ئەوەش دوای ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبویەوە، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە خوێندكاری زانكۆكان، پیاوانی كار، كارێكاران و مامۆستایانن و بەشێكیان چەندین ساڵە لە ئێران دەژین.
بەشێك لەوانەی گەڕاونەتەوە باسی بارودۆخی ئەو شارانە دەكەن كە تێیدا ژیاون و دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارە راستیەكانی توشبوو و گیانلەدەستدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەشارنەوە لە خەڵكی ئێران و جیهانیش، هەروەها سەركردایەتی ئێران وا پیشان دەدات كە هەموو شتێك لە وڵاتەكەیدا لەژێر كۆنترۆڵدایە.
یەكێك لە عیراقیانەی گەڕاوەتەوە كە ناوی بە "ئەبو سەجاد" هێنراوە بە رۆژنامەكەی وتوە، "لەئێران كارەسات رودەدات، هەموو شتێكم جێهێشتوەو گەڕاومەتەوە، ماڵەكەم و پیشەكەشم لە ئێرانەو چەندن ساڵە لەوێ‌ دەژیم".
ئەبو سەجاد ئەوەشی رونكردوەتەوە، ئێستا هەموو شتێك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە وەستاوە، كرێكارەكانم نایەن بۆ سەر كار و كڕیار نەماوە، پێمانوابوو ئێرانیەكان ژمارەیەكی ورد بڵاودەكەنەوە، بەڵام كاتێك چوینە دەرەوەو بارودۆخەكەمان بینی لەسەر شەقامەكان، بۆمان دەركەوت ژمارەی توشبوان و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترە لەوەی بڵاویدەكەنەوە.
دەشڵێت، كاتێك گەڕامەوە بۆ عیراق وتیان دەبێت 14 رۆژ لە كارەنتین بیت و دواتر رێگەیان پێدام بێمە ناو عیراقەوە.
عیراقیەكی تر بەناوی "هودا غەلاب" بە نیویۆرك تایمزی وتوە، لە شاری "ئیلام"ی ئێرانەوە گەڕاومەتەوەو ئەو شارە وەك "شاری تارماییەكان"ی لێهاتوە، ژیان لە ئیلام وەستاوە و بازاڕەكان و خوێندنگاكان داخراون و بارودۆخەكە زۆر خراپە و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت.
زۆرینەی ئەوانەی لە ئێران دەگەڕێنە باس لەوە دەكەن، ژیان بەتەواوەتی وەستاوەو قوتابخانەو زانكۆكان داخراون و هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان قەدەغە كراوە و سەرجەم روداوە وەرزشیەكان هەڵوەشێنراونەتەوەو  نوێژی بەكۆمەڵ و هەینیش ناكرێت، قاوەخانە و رێستۆرانتەكانیش داخران و ئەوەش سەرەڕای داخستنی مۆزەخانەو سینەماكان و چەندین شتی تر.
"هودا غەلاب" ئەوەشی رونكردوەتەوە، نەمدەتوانی لەماڵ بچمە دەرەوە چونكە زۆر دەترسام توشی ڤایرۆسەكە ببم و دواتریش بیگوازمەوە بۆ منداڵەكانم، زۆرینەی خەڵك لە ماڵەكانی خۆیاندا خۆیان بەند كردوە و ژیان بەتەواوەتی مردوە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە، چەندین بەرپرسی ئێران دێنە عیراقەوەو خێزانەكانیان دەهێنن، ئەو بەرپرسە ئێرانیانەش پێویستیان بە رەزامەندی پێشوەختەی عیراق هەیە، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی لە خاڵی سنوری "زرباتیە" دەبینرێت ئەو عیراقیانەن، كە لە ئێران بون و دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان ئەوەش لەترسی ئەوەی كە سنور بە تەواوەتی دابخرێت و لە یەكێك لە ناوەندە سەرەكیەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا كە ئێرانە گیر بخۆن.
هاتوچۆ لەنێوان عیراق و ئێراندا زۆر ئاسان بوو وە ئەو خێزانانەی كە لە هەردولا دەژین بەئاسانی دەهاتن و دەچون، ئەوەش سەرەڕای سەردانیكەرانی شیعە كە بەردەوام دەهاتن و دەچون، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شەو و رۆژێكدا هەمو شتێكی گۆڕی.
لانیكەم 11 هەزار توشبوی ڤایرۆسەكە لە ئێراندا تۆمار كراوەو بەوەش سێیەم وڵاتە لەدوای چین و ئیتاڵیا كە زۆرترین توشبوی تێدایە، شارەزایان دەڵێن ژمارەی توشبوان زۆر لەوە زیاترە، هەروەها تائێستا لە عیراق زیاتر لە 100 حاڵەت تۆمار كراوەو دەیەوێت خۆی لە چارەنوسی ئێران بەدور بگرێت و بۆ ئەوەش رۆژی یەكشەممە عیراق سەرجەم خاڵە سنوریەكانی لەگەڵ ئێراندا دادەخات.
زۆرینەی ئێرانیەكان لەماوەی سێ‌ هەفتەی رابردودا رێگەیان پێنەدراوە بێنە خاكی عیراقەوە جگە لە دبلۆماسیەكان و بەڵام هەندێك لە ئێرانیەكانیش هەوڵی ئەوە دەدەن بە پێچەوانەی رێنماییەكانەوە خێزانەكانیان بهێننە عیراق، سەرەڕای ئەوەی ئێران گیرۆدەی دەستی ڤایرۆسەكەیە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر ئێرانی بەردەوام دەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان، بۆ ئەوەش هیچ چارەیەكیان نییە چونكە ئەوانە كرێكاربون و ماوەی ڤیزاكانیان تەواو بوە یاخود سەردانیكەر بون و سەردانەكەیان كۆتایی هاتوە.
ئێرانیەكان بەبێ‌ گوێدان مەترسیەكانی گەڕانەوە پێداویستیەكانیان هەڵدەگرن و رودەكەنە سنورەكان، یەكێك لەو ئێرانیانەی بەسەردان لە عیراقە بە نیویۆرك تایمزی وتوە، "من نیگەران و دودڵم لە گەڕانەوە بەڵام دەزانم كە خودا هەیە، ئێمە باوەڕمان بە خودایەو چارەنوست لەنێو چاوانت نوسراوە، سەرەڕای ئەوەش گەلی ئێرانی بەهێزن".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group