عەلی حەمەساڵح ناردنی راستەوخۆی موچە لەلایەن بەغداوە بە نالۆژیكی دەزانێت

21/11/2020

نەوا
عەلی حەمەساڵح داواكاریی بژاردەی ناردنی راستەوخۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بە نالۆژیكی دەزانێت، بەو پێیەی نە هیچ هێزێكی هەرێم لەگەڵیدایە، نە بەغداش بیر لە بژاردەی وا دەكاتەوە، بۆیە بودجەی 2021 و رادەستكردنی 250 بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان، بە باشترین رێگا بۆ دەستخستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناودەبات.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نوسینێكی بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت، "تەمەننام دەكرد، حكومەتی عێراق راستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بناردایە، بەڵام ئەمە تەمەننایە بە هەست و سۆز، نەك لێكدانەوەی وردی لۆژیكی".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان راشیگەیاندوە، "ڕەنگە بوترێت با عێراق دەستبەسەر گومرگ و نەوت و خاڵی سنوریدا بگرێت و حكومەتی ھەرێم هەڵوەشێتەوە بۆ ئەوەی موچە بدرێت، بەڵام دڵنیابە لەوەی هیچ كام لە حیزبەكانی كوردستان لەگەڵ ئەم بژاردەیە نین، بڕیار بەدەستەكانی عێراقیش هەرگیز ئەم بژاردەیە تاقیناكەنەوە"، تەنانەت عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "تاوەكو ئەم ساتە كازمی باشترین دۆستی پارتی و یەكێتیە، ئامادە نییە لێدوانێكیش بدات دژی گەندەڵیی بەرپرسانی هەرێم، چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت".
بۆیە عەلی حەمەساڵح بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچە لەگەڵ ئەوەدایە، كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی 2021دا گەرەنتی بكرێت و لەبەرامبەریشدا ھەرێم ئامادەبێت 250 ھەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و 50% داھاتە فیدڕاڵیەكان بدات، دوپاتیدەكاتەوە، كە ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتیەكانیش لەگەڵ ئەم بژاردەیەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group