نەوا-
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاند، بەهیچ هۆكارێك گەشت بۆ عێراق مەكەن و ئەگەر لە عێراقیشن بەپەلە وڵاتەكە بەجێبهێڵن.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، گروپە چەكدارەكان هێرشی بەرفراوانیان لە دژی هاوڵاتیانی ئەمریكی و ئامانجە پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەستپێكردوە،هەروەها، ئامۆژگاری هاوڵاتیانی ئەمریكی دەكرێت دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن.
باسی لەوەشكرد، نێردەی ئەمریكا لە عێراق سەرەڕای فەرمانی ڕۆیشتن بە كراوەیی دەمێنێتەوە، بەمەبەستی هاوكاریكردنی هاوڵاتیانی ئەمریكا لە عێراق، تكایە بەهۆی بەردەوامی هەڕەشەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی عێراق، مەچنە باڵیۆزخانەی بەغدا یان كونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر.
باڵیۆزخانەكە رونیشیكردوەتەوە، گروپە چەكدارەكان شوێنەكانی پەیوەست بە ئەمریكایان لە سەرتاسەری عێراق كردوەتە ئامانج، و پێدەچێت دوبارە بیكەنەوە ئامانج، لەوانە دامەزراوە دیپلۆماسییەكان، بازرگانییەكان، ژێرخانی وزە و شوێنەكانی دیكە كە پێدەچێت پەیوەندییان بە ئەمریكاوە هەبێت، لەنێویاندا هەرێمی كوردستانیش.
ئەوەش خراەوەتەڕو، هەروەها فڕۆكەخانە بازرگانییەكان و ئەو هۆتێلانەشیان كردوەتە ئامانج كە خەڵكانی بیانی زۆر سەردانی دەكەن و لەوانەیە هەوڵی ڕفاندنی ئەمریكییەكان بدەن.
هەروەها دەڵێت، پێویستە هاوڵاتیانی ئەمریكی دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن، مانەوە لە عێراق مەترسیی بەرچاوی لێدەكەوێتەوە، ئێمە لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین و بەردەوام دەبین لە پێشكەشكردنی نوێكارییەكان بۆ یارمەتیدانتان لە بڕیاردان سەبارەت بە سەلامەتیتان.
پەیوەست بە ڕێگەكانی رۆیشتن لە عێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەڵێت، "ڕێگە وشكانییەكان بۆ ئوردن، كوەیت، سعودیە و توركیا كراوەن، بەڵام پێشبینی دەكرێت دواكەوتنی بەرچاو ڕوبدات.