نەوا-
محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، دوای بڕیاری بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم، داوا لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كراوە كە بێنە پێشەوە بۆ هەناردەكردنی گەنم بۆ دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دوای دیاریكردنی وادەی یاسایی بۆ تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكان، 11 كۆمپانیا بەفەرمی ناوی خۆیان تۆمار كردوەو ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ كڕینەوەو رەوانەكردنی گەنمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەكانی دەرەوە.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رونیشیكردوەتەوە، وەك دەستەی وەبەرهێنان سەرجەم كارو رێكارە پێویستەكانیان لەسەر دۆسیەی ئەو 11 كۆمپانیایە تەواو كردوەو پشكنینی پێویست بۆ داواكارییەكانیان كراوە، لە ئێستادا دۆسیەكان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆئەوەی بڕیاری كۆتایی لێ بدرێت و رەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەم هەنگاوە ستراتیژییە وەك پاڵپشتییەكی راستەوخۆو بەهێزە بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دۆزینەوەی بازاڕی نوێ و رێگریكردن لە بەفیڕۆچونی رەنج و بەرهەمی ناوخۆیی.