نەوا-
دەزگای گشتی كاروباری مین هۆشدارییەكی توندی ئاڕاستەی سەرجەم گروپەكانی شاخەوانی و ئەو هاووڵاتیانە كرد كە دەستكاری مین و پاشماوە جەنگییەكان لە ناوچە مەترسیدارەكاندا دەكەن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی دەزگاكە ئاماژە بەوەكراوە، بەشێك لە هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە مەترسییەكان نزیكی ئەو ناوچانە دەبنەوە كە نیشانەی ئاگاداركەرەوەیان لێدراوە، یان دەستكاری ئەو مین و پاشماوە نەتەقیوانە دەكەن كە لە ناوچە شاخاوییەكاندا دەیدۆزنەوە، ئەم رەفتارانە نەك تەنها مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ژیانی خودی كەسەكەو دەوروبەری دروست دەكات، بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچیی یاساییەوە.
لەوبارەیەوە جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاندوە: هەر هاووڵاتییەك لەناوچە مەترسیدارەكاندا دەستكاری مین و تەقەمەنی بكات، یان بە مەبەستی ناوبانگ و سۆشیال میدیا ڤیدیۆی ئەو جۆرە كارە مەترسیدارانە بڵاوبكاتەوە، روبەڕوی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.