نەوا-
هاوڕێ كەمال راوێژكاری یاسایی و راسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانكی نیشتمان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، ماوەیەكە چەندین هەواڵ و لێدوان و بابەتی رۆژنامەوانی لەسەر هەنگاوەكانی دامەزراندنی بانكی نیشتمان و ئەو خزمەتگوزاریانەی لەداهاتودا پێشكەشی دەكەن بڵاو دەكرێتەوە كە زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستی تێدایە.
هاوڕێ كەمال ئاماژەشیكردوە، رای گشتی و میدیاكان ئاگادار دەكەنەوە لەئێستادا هەنگاوەكانی دامەزراندنی بانكی نیشتمان لەقۆناغی جێبەجێكردندان و تاقیكردنەوەو چاوپێكەوتن بۆ دیاریكردنی بەڕێوەبەرو یاریدەدەری بەشەكان و فەرمانبەران بەڕێوەدەچێت.
راسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانكی نیشتمان وتوشیەتی: هەر زانیاری و بەرەوپێشچونێك لەسەر قۆناغەكانی داهاتوی بانكەكە هەبێت بەفەرمی لەلاپەڕەی وەزارەت بڵاویدەكەنەوە هەر كەس و لایەن و بەرپرسێك لە وەزارەتە جیاوازەكان لێدوان و شیكردنەوە لەسەر هەنگاوەكانی ئەو بانكە بدات گوزارشت لەڕای خۆی دەكات و وەزارەت بەرپرسیار نییە لێی.