نەوا-
عەلی قەرەداغی سەرۆكی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، بەتوندی سەركۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەكەن كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان كە هاوشێوەی دەستدرێژییەكانی سەر قەتەرو شوێنەكانی دیكەیە، ئەم دەستدرێژییانەش رەتكراوەن و پێشێلكارییەكی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆكی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان جەختیشیكردوەتەوە، حكومەتی عیراق بەرپرسیارێتی تەواوی لەئەستۆدایە لەبەرامبەر هەر بێدەنگییەك یان كەمتەرخەمییەك سەبارەت بەپێشێلكردنی سەروەریی خاكی وڵاتەكەی، داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن رێوشوێنی سیاسی، دیپلۆماسی و ئەمنی راستەقینە بگرێتەبەر بۆ پاراستنی وڵات و هاوڵاتیان.
عەلی قەرەداغی راشیگەیاندوە: پاڵپشتیكردن لە هەرێمی كوردستان تەنها هەڵوێستێكی سیاسیی ئارەزومەندانە نییە، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانییە، چونكە ئاسایشی كوردستان بەشێكە لەئاسایشی عیراق و هەر هێرشێك بۆ سەر هەرێم بەهێرشكردنە سەر تەواوی دەوڵەتی عیراق هەژمار دەكرێت.