"نووسراوی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم كرا"

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان  لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، هەوڵ و پێشنیازی جددی بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانە دراوە كە ساڵی رابردوو خانەنشین بوون، ئەمە بە ئامانجی نەهێشتنی كێشەی میلاك لە ساڵی نوێی خوێندندا.
باسی لەوەشكرد، هەرچەندە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین پڕكراوەتەوە، بەڵام پرۆسەكە وەك پێویست نییە و تا ئێستا كێشەی نەبوونی پسپۆڕی تایبەت بۆ هەندێك وانە لە ناوەندەكانی خوێندندا بەردەوامە، ئەحمەد گەرمیانی جەختیكردەوە، لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەی نوێ و خانەنشینبوونی هەزاران مامۆستا لە هەر ساڵێكدا، پێویستە بۆشاییەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك پڕبكرێنەوە تا كێشەی كەمی مامۆستا لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن چارەسەر دەبێت.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئاشكراشیكرد، نووسراوی پلەبەرزكردنەوە و خانەنشینیی مامۆستایان سەرەتا ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە كراوە و دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، ئاماژەی بەوەشكرد، پرسەكانی پلەبەرزكردنەوە، خانەنشینی و بەهەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵدا پەیوەستكراون بە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە و پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ بكرێن.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان وتیشی، ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە دابین بكرێت و دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتانە بگەڕێتەوە ژێر دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە دڵنیاییەوە كێشەكان چارەسەر دەبن و سەرجەم مامۆستایان سوودمەند دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group