نێچیرڤان بارزانی: لەپێناو راگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵی بەردەوامداین

10/10/2019

نەوا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەر لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین و بە دڵگرانی و نیگەرانییەكی قوڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا دەڕوانین بەتایبەتی كە گروپە توندڕەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا تیایدا بەشدارن".
سەرۆكی هەرێم لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی "شەڕ، دەرگا بە سەر كوشتار و دەربەدەری و ئاوارەبونی خەڵكی سڤیل و دروستبونی ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەكەدا دەكاتەوە و هەڕەشە و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەكات".
هەروەها جەختیكردوەتەوە لەوەی هەرێمی كوردستان و عیراق قوربانییەكی زۆریان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەكانی شەڕیان بینیوە و لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت "زۆر بە نیگەرانی و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبونی دۆخەكە و تێكچوونی ئاسایش و نەمانی سەقامگیری دەڕوانین، كە دەرەنجامی چاوەڕواننەكراو و مەترسیداری بۆ ناوچەكە و جیهان لێ دەكەوێتەوە، بۆیە لەپێناو راگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵی بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین".
نێچیرڤان بارزانی دوپاتیشیدەكاتەوە، شەڕ و پێكدادان تەنیا ئاڵۆزی و پشێوی و مەترسی لە ناوچەكەدا زیاد دەكات، دەسكەوتەكانی تێكشكاندنی داعش لەناودەبات و لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نابێت، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەكات چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ ئایندەی سوریا بدۆزێتەوە بە جۆرێك مافی هەموو پێكهاتەكانی تیادا پارێزراو بێت و بە جدی رۆڵی خۆی بۆ راگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی و دیالۆگ و رێگەچارەی سیاسی بگێڕێت و رێگەنەدرێت خەڵكی سڤیل دەربەدەر و ئاوارەببن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group