نەوا-
سەعید مبارك ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ كاروباری ئابوری بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا ئاماژەیان بەگرنگی پەیوەندیی دۆستانەو تایبەتی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات كردوەو سوپاسی شێخ محەمەد بن زاید سەرۆكی ئیماراتیان كردوە بۆ پشتیوانیی و هاریكاریكردنی هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی نێردەیەكی تایبەتی ئیماراتی بۆ كاروباری ئابوری بۆ هەرێمی كوردستان كە نیشانەی گرنگی و بەهێزیی پەیوەندیی دوولایەنەیە.
راشیگەیاندوە، لە كۆبونەوەكەدا ئەلهاجری خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەمو بوارەكاندا دەربڕیوەو ئاماژەی بەوەداوە كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرنگ و تایبەتی لای سەركردایەتی ئیمارات هەیەو دەرفەتی زۆر بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا هەیە.