رادیۆ نەوا وادەی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی دیكە رادەگەیەنێت

26/03/2020

نەوا-كاروان مەحمود
بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق رایدەگەیەنێت، پارەی موچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و چاوەڕواندەكرێت رۆژی یەكشەممەی داهاتو 29-3-2020 دەست بەدابەشكردنی موچە بكرێت.
عابد ساڵح بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و بەهەمان شێوەی مانگەكانی پێشو 453 ملیار دینارە.
لەبارەی وادەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانیش، عابد ساڵح بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق وتی "چاوەڕواندەكرێت رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو بانكەكان بكرێنەوە و دەست بەدابەشكردنی موچەی وەزارەتەكانی دیكە بكرێت".
لە رۆژانی پێشوو حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 12ی ساڵی 2019ی وەزارەتەكانی تەندروستی، ناوخۆ و پێشمەرگەی دابەشكردو بەپێی راگەیەندراوێكی ئەمڕۆ 26ی ئاداری 2020ی وتەبێژی حكومەتی هەرێم پارەی لەبەردەست نەبووە و بۆیە دابەشكردنی مووچە راگیرابوو، بەهاتنی ئەم پارەیەی بەغداش، موچەی ئەو وەزارەتانە دابەشبكرێت كە تائێستا موچەی مانگی 12ی ساڵی پێشویان وەرنەگرتوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group