كەسوكاری كۆچەرە بێسەروشوێنەكان گردبوونەوەیەكیان لە هەولێر سازكرد

26/01/2022

نەوا-
كەسوكاری كۆچەرە بێسەروشوێنەكان گردبوونەوەیەكیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر سازكرد و داوا دەكەن، سۆراخی كەسوكاریان بكرێت.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەك لە كەسوكاری كۆچەرە بێسەروشوێنەكان لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گردبوونەوە، ناڕەزایی لە خەمساردی حكومەتی هەرێم بۆ سۆراخ كردنی رۆڵەكانیان دەردەبڕن.
كەسوكاری كۆچەرە بێسەروشوێنەكان باس لەوە دەكەن، دوای مانگێك لە چاوەڕوانی و سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان، هیچ هەوڵێكی كرداری نەدراوە لەلایەن حكومەتەوە و خەمساردە لە كەیسی رۆڵەكانیان.
داواش دەكەن، لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و كونسوڵخانەی یۆنان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق سۆراخی رۆڵەكانیان بكرێت.
ئەو هاوڵاتیانە جەختیان لەوەش كردووەتەوە، رۆڵەكانیان بەهۆی نەبوونی هەلی كار و ژیانێكی شایستە خۆیان كردووەتە قوربانی، تاوەكو ئێستا كونسوڵخانەی یۆنانیش ئامادە نییە پێشوازییان لێبكات و حكومەت و پۆلیسی ئەو وڵاتەش كەمتەرخەمن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group