لیژنەی باڵای مادەی 140 كارا دەكرێتەوە

28/11/2022

نەوا-
سەرۆكی بۆردی مادەی 140 لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بڕیارە لیژنەی باڵای مادەی 140 كارا بكرێتەوەو هەموو ئەو هاوڵاتیانەی دۆسیەیان هەیە قەرەبو بكرێنەوە.
دژوار فایەق سەرۆكی بۆردی مادەی 140 بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە لەماوەی یەك مانگدا لیژنەی باڵای مادەی 140 كارا بكرێتەوە، هێشتا لیژنەكە كارا نەكراوەتەوە، بەڵام یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا، پرسی ئەو مادە دەستورییەو كاراكردنەوەی لیژنەكەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، رێككەوتن كراوە لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستورو حكومەتی عیراقیش پابەند دەكرێت بەو رێككەوتنەوە، دوای كاراكردنەوەی لیژنەكەش قەرەبوكردنەوە بەڕێوەدەچێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی پێشتر دۆسیەیان بۆ كراوەتەوەو بڕیاری قەرەبوكردنەوەیان بۆ دەرچوە، چونكە پێشتر ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی قەرەبو كراونەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆریش ماون بۆ قەرەبوكردنەوە كە بە چەند قۆناغێك هەموو ئەوانەی ناویان هەیە دەیانگرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group