نەوا-
بانكی نێودەوڵەتی بودجەیەك بەبڕی زیاتر لە ملیارێك دۆلار بۆ وڵاتانی عیراق و سوریاو لوبنان دابین دەكات كە عیراق پشكی شێری بەردەكەوێت.
دەستەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بانكی نێودەوڵەتی رایگەیاندوە، پەسەندكردنی پاكێجێكی نوێی داراییان پەسەندكردوە كە زیاتر لە یەك ملیارو 300 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژە گرنگەكانی گەشەپێدان لە عیراق و سوریاو لوبنان، ئامانجیش لەو پرۆژەیە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە بۆ ئەو سێ وڵاتە.
ئەوەش بڵاوكراوەتەوە، عیراق زۆرترین پشكی دارایی بەركەوتوە كە بڕەكەی 930 ملیۆن دۆلارەو ئەمەش بۆ دابینكردنیەتی بۆ پرۆژەی فراوانكردن و بەرەوپێشبردنی هێڵی ئاسنینی عیراق كە ئامانج لێی پەرەپێدانی تۆڕی شەمەندۆفێرە لەنێوان بەندەری ئوم قەسر لە باشورو هەروەها شاری موسڵ لە باكور.
ئاماژەشكراوە، سوریا 146 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان و گەڕاندنەوەی پێدانی كارەباو باشتركردنی وزە، وڵاتی لوبنانیش 250 ملیۆن دۆلاری وەك دارایی وەرگرتوە بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە لەكاتێكدا ئەو وڵاتە بەردەوامە لە روبەڕوبونەوەی قەیرانەكانی ئابوری و دارایی.