نەوا-
خێزانێكی بێلانە پاشئەوەی بۆ ماوەی نزیكەی هەفتەیەك لە پاركێكدا مانەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی شوێنی نیشتەجێبونی بۆ دابینكردن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، دوای گەیشتنی هەواڵێك كە خێزانێكی بێلانە لەپاركێكی شاری سلێمانی ماونەتەوە، ژیلوان عادل بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی بەوەكالەت سەردانی خێزانەكەی كردوەو كێشەكەیانی چارەسەر كردوە.
بەڕێوەبەرایەتیەكە راشیگەیاندوە، ئەو خێزانە كە لە شەش منداڵ و دایك و باوكیان پێكهاتبو لە دۆخێكی نەخوازراوی ژیاندابون لەو شوێنە رزگاركران و شوێنی نیشتەجێبونیان بەكاتی بۆ دابینكرا.
راشگەیەنراوە، بەپێی زانیارییەكان سەرۆكی خێزانەكە ژینگە پارێزەو توانای دابینكردنی كرێ و خەرجی رۆژانەی نەبوە لەماوەی مانەوەشیان لەپاركەكەدا ئاوی ئاوەڕۆیان بەكارهێناوە، ئێستا خانویەكیان بۆ دابینكراوە كە بەكاتی تیایدا دەمێننەوەو كار دەكەن بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستیو دەرونی و حەواندنەوەیان لەماڵێكدا كە گونجاو بێت بۆ ژیان و هەمو پێویستییەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن.