نەوا-
بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارانی زانكۆی سلێمانی سەردانی مۆزەخانەی سلێمانیان كرد بەمەبەستی سود وەرگرتن بۆ كردنەوەی مۆزەخانەیەكی شارستانی لەناو زانكۆی سلێمانیدا.
زانكۆی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەردانی مۆزەخانەی سلێمانیان كردوە لەلایەن بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپوری سلێمانیەوە پێشوازییان لێكراوە، مۆزەخانەی سلێمانی لە دوای مۆزەخانەی بەغداوە بە پلەی دوەم دێت لەسەر ئاستی عیراق و یەكێكە لە نیشانە گرنگەكانی شارستانیەتی كوردستان.
لەوبارەیەوە زریان حاجی سەرۆكی بەشی شوێنەوار لە كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی بە سایتی زانكۆی راگەیاندوە: ئامانج لە سەردانەكە بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربونە لەو شوێنەوارو بابەتە گرنگانەی كە لە مۆزەخانەكەدا هەیە، ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ كردنەوەی مۆزەخانەی زانكۆی سلێمانی و لە چەند مانگی داهاتودا كار لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت، ئەمەش وادەكات زانكۆكە لەسەر ئاستی كوردستان یەكەم بێت كە مۆزەخانەیەكی شارستانی گرنگی هەبێت.
جێی ئاماژەیە، لەساڵی 1975ـەوە مۆزەخانەی كەلەپوری زانكۆی سلێمانی كراوەتەوە، بەڵام دوای راپەڕین خراوەتەسەر وەزارەتی رۆشنبیری، ئێستا مۆزەخانەكە گەڕێنراوەتەوە سەر زانكۆی سلێمانی و لە كەمپی نوێی زانكۆ باڵەخانەیەكی شایستەی بۆ دابینكراوە ماوەی ساڵێكە كار لەسەر دروستكردنی دەكرێت.