نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبۆوەو تەوەری سەركی كۆبونەوەكە تایبەتبوە بەپرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و نەناردنی موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە.
لە راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا هاتوە، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكەمان گفتوگۆكردن بوە لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كە لە هەولێرو بەغدا بە ئامادەبونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجامدران و تایبەتبون بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆو بەدواداچونی خەرجكردنی موچەكانی هەردو مانگی 5 و 6ی موچەخۆرانی هەرێم.
دوپاتیشكراوەتەوە، هەر پابەندییەك لەسەر هەرێمی كوردستان بوە بەزیادەوە جێبەجێیكردوەو هەمو نەرمیەك نوێنراوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆو گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان بەهەمو شێوەیەك ئامادەیی هاوكاریان لەگەڵ حكومەتی فیدڕال پیشانداوە ئەویش لە پێناوی بڕینی هەمو ئەو پاساوانەی بەكارهێنراون بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی خەڵكی كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشیكردۆتەوە، هەموو لایەك چاوەڕێی بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵ دەكەن بۆ پەسەندكردنی ئەو لەیەكتێگەیشتنە هاوبەشانە، بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و هیچ بیانویەك لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بەتایبەتیش كە هەمو بابەتەكانی پەیوەندیدار بە لیستی موچە كە مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێمە نابێت لەژێر هیچ پاساوێك لەم مافەی خۆیان بێبەش بكرێن.