سكرتێری یانەی نەورۆز: بافڵ تاڵەبانی بەڵێنیداوە مانگانە 350 هەزار دۆلار بداتە یانەكەيان
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
شێركۆ كەمال سكرتێری یانەی نەورۆز ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە 450 ملیۆن دیناری پێداوین و داوایان لێكردوە كە ئەو پارەیە بەردەوام بێت نەك تەنها بۆ ئەوان بەڵكو بۆ هەمو یانەكان بێت، هەروەها سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەكەن كە لە ڕێگە هاوڕێ شێخ دارۆ بڕی 350 هەزار دۆلاری بۆ دابینكردون و بەڵێنیشیداوە ئەو پارەیە مانگانە بەردەوام بێت، بەوەش دەتوانین پێداویستیەكانی خۆیان دابین بكەن.
باسی لەوەشكرد، هەندێك كەس توانیویانە هاوكاریان بن و بڕی 51 ملیۆن و 290 هەزار دیناریان بۆ كۆكردونەتەوە و وەریان گرتوە، سوپاسی عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و هاوڕێكانی دەكەن كە بڕی 10 هەزار و 200 دۆلار یان پێداون، هەروەها سوپاسی فاخیر هەریری دەكەن كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پارەی بۆ ئەنجامداون.
لەبارەی بونی 240 دەفتەر دۆلار كە دەوترێت لە ڕوداوەكەی لالەزار دەستی بەسەردا گیراوە، سكرتێری یانەی نەورۆز وتی، "ئێمە هیچ زانیاریەكمان لەسەر ئەو پرسە نیە، باوەڕیش ناكەم ڕاست بێت".