جگە لە دوو كەس تەواوی ئەندامانی تیمی هەڵبژاردەی عێراق بە ئاسانی گەیشتنە ئەمریكا
1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا هەوڵی زۆردراوە، لە ڕێگەی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ویلایەتی شیكاگۆ بە مەبەستی ئاسانكاری و ڕێكخستنی گەیشتنی شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق كە لە 62 كەس پێكهاتبوون.
باسی لەوەشكرد، هەمو ئەندامانی نوێنەرایەتیەكە لە (5ی حوزەیرانی 2026) بە ئاسانی چونەتە ئەمریكا، جگە لە دو كەس كە رێوشوێنی زیادەیان لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی كۆچبەری ئەمریكا ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، باڵیۆزخانەكە لە نزیكەوە بەدواداچونی بۆ ئەو بابەتە كردوە لە رێگەی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی ئەمریكا، بە ئامانجی تێگەیشتن لە وردەكاری رێكارەكان و كاركردن بۆ خێراكردنی تەواوكردنیان.
باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن لە راگەیەندراوەكەیدا رونیكردوەتەوە، رێكارەكانی چونە ژورەوە بۆ یەكێك لەو دوو كەسە تەواو بوە، لەكاتێكدا یەكێكیان نەیتوانیوە بچێتە ژورەوە بەهۆكاری تایبەت پەیوەست بە ڕێكار و ڕێساكانی كۆچبەری كە لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكاندا دانراون.
ئەوەشی خستەڕو، رێكارەكانی چونە ژورەوە بۆ ئەمریكا تاڕادەیەكی زۆر دەكەوێتە دەستی دەسەڵاتی كۆچبەری ئەمریكاوە، كە دەزگایەكی سەربەخۆیە كە یاسا و ستاندارد و ڕێكارە پەیوەندیدارەكان بەسەر هەمو كەسێكدا جێبەجێدەكات.