دەرگای خۆتۆماركردن بۆ تیروپشكی حەج كرایەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
دەستەی باڵای حەج و عەمرە كردنەوەی دەرگای خۆتۆماركردنی ئەلیكترۆنی بۆ تیروپشكی حەجی ساڵانی (2027ی تەواوكاری – 2028 – 2029 – 2030) ڕاگەیاند.
دەستەی باڵای حەج و عەمرە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، ڕێكارەكانی تۆماركردن و تیروپشكەكە پشت بە ڕێسای ڕوون دەبەستن كە دەستەبەری پاكوخاوێنی و دادپەروەری دەكەن لە هەڵبژاردنی براوەكاندا، لەگەڵ پێدانی لە پێشینەیی بە بەساڵاچووان وەك ڕێزگرتنێك لە چاوەڕوانییە درێژخایەنەكەیان و ئارەزوویان بۆ بەجێهێنانی ڕوكنی پێنجەم لە ڕوكنەكانی ئیسلام، جگە لە پشتبەستن بە پێوەرە ئەلیكترۆنییە وردەكان كە ڕێگری لە دووبارەبوونەوە و فێڵكردن دەكەن و گەیشتنی دەرفەتەكان بە شایستەكانیان مسۆگەر دەكەن.
دەستەكە ئاشكراشیكردوە، پێشكەشكردنی ئەلیكترۆنی بۆ ماوەی 10 ڕۆژە و لەئەمڕۆوە بەردەوام دەبێت لە ڕێگەی سەكۆی "ئۆر"‌ بۆ خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییە حكومییەكانی سەر بە نووسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانكاری لە ڕێكارەكان و هاوتەریببوون لەگەڵ وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.
جەختیشی كردەوە، سەرجەم قۆناغەكانی تۆماركردن و هەڵبژاردن لەژێر چاودێری و ڕێكخستنێكدان كە متمانە و ڕوونی بچەسپێنن.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق راشیگەیاندوە، سیستەمی تۆماركردنی ئەلیكترۆنی لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕ لە زانكۆی تەكنەلۆجیا پەسەندكراوە و باوەڕپێكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group