عەلی زەیدی لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت چەند بڕیارێكی توندی دەركرد

26 خولەک پێش ئێستا عێراق
نەوا-
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەم، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت لە كۆمپانیای نەوتی باكوور، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، زەیدی بڕیاریداوە بە بەخشینی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان، دوورخستنەوەی هەریەك لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و فەرماندەی پۆلیسی كەركووك و سەرزەنشتكردنی بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانیی پارێزگاكە، هەروەها فەرماندەی لیوای 1ـی پۆلیسی وزە و جێگرەكەی، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و بازگەكانی لیواكە و بەڕێوەبەری بەشی پشكنین لە كەركووك بەخشران، لەگەڵ دوورخستنەوەی كاتیی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكوور و جێگرەكانی و دوو بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی پیشەسازی تا تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان، و رەوانەكردنی بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای نەوتی باكوور بۆ لێكۆڵینەوە.
هەر بە گوێرەی  بڕیارەكان، دۆسیەكان رەوانەی دەستەی دەستپاكی و دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كراون بۆ لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور لەگەڵ كۆمپانیای "میحوەر ئەلفزی" و كۆمپانیاكانی دیكە، دابینكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و كار، مۆڵەتی كارگەكان، خەرجكردنی پارە بۆ پاسەوانی مەدەنیی بۆرییەكان كە لە واقیعدا بوونیان نییە و ئاشكراكردنی بڕی بەرهەمە نەوتییە هەناردەكراوەكان لە دەروازەكانی هەرێمەوە.
زەیدی بڕیاریداوە هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمەوە تەنها بە رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بێت و سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێم لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەكانەوە وەربگیرێنەوە. هاوكات وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزەی فیدراڵی كێڵگە نەوتییەكانی سنووری پارێزگاكانی (دیالە، كەركووك، سەڵاحەددین و نەینەوا) دەگرنە دەست كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمدان، و هێزەكانی سنوور و لیواكانی گرنگیپێدانی هاوبەش (1 و 2) دەروازە نافەرمییەكان و رێگا خۆڵەكانی نێوان هەرێم و ئەو پارێزگایانە دادەخەن.
لە كۆتایی بڕیارەكاندا فەرمان كراوە بە بەستنی پێوەری ئەلیكترۆنی لەسەر هەموو بیرە نەوتییە كاراكانی عێراق، نوێكردنەوەی سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی، دروستكردنی گۆڕەپان و تاقیگەی پشكنین لە بازگەكانی دەروازەی (سلێمانی، هەولێر و دهۆك)، و گواستنەوەی سەرجەم كارگەكانی قیری ئۆكسێنراو و نەفتا لە ناوچەكانی دەرەوەی كۆنترۆڵی ئەمنیی فیدراڵی لەو پارێزگایانە لە ماوەی (6) مانگدا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group