پارە دەدرێت بە گەنجانی هەرێم

09/06/2019
نەوا
رێكخراوێكی كەنەدی تا بڕی 100 هەزار دۆلار دەدات بەو گەنجانەی پڕۆژەی بازرگانیان هەیەو ئەو پارەیەش هیچ زیادەیەكی ناخرێتە سەر و لەماوەی ساڵێك و شەش مانگ تەواوی پارەكە رادەست دەكرێت.
رێكخراوی كەنەدی بۆ گەشەپێدانی كاری بزنس لە كۆنفڕانسێكیدا لەشاری هەولێر بەرنامەو پلانی بۆ گەنجان روونكردەوە بەتایبەت ئەوانەی بیرۆكە و پڕۆژەی بازرگانیان هەیە و دەیانەوێ لەداهاتوودا بیخەنە بواری كاركردنەوە.
لایخۆیەوە هێمن فەرید، نوێنەری رێكخراوی كەنەدی بۆ گەشەپێدانی كاری بزنس لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "رێكخراوەكەیان لە هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی هەیە كە هاوكاری گەنجان دەكات بۆ ئەوەی ببنە خاوەن كاری خۆیان و داهات بەدەستبێنن".
ئاماژەشی بەوەداوە: "هاوكاری سەد گەنج دەكرێت و بڕێك پارەیان بە قەرز پێدەدرێت كە لە دوو هەزار دۆلارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 100 هەزار دۆلار، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئەو گەنجە بتوانێ بیرۆكە و پڕۆژە بازرگانییەكانی خۆی بخاتە بەرنامەی كارەوە و بێتە خاوەنی كار".
سەبارەت بە مەرجی پێدانی ئەو بڕە پارە روونیشیكردەوە:" تاكە مەرج بۆ پێدانی پارەكە ئەوەیە كە دەبێت ئەو گەنجە ئەو پارەیەی پێیدەدرێت كاری پێبكات و داهاتی پێ بەدەستبێنێت و دواتر بەپێی رێككارەكان پارەكەی لێوەردەگیرێتەوە و لە بەرامبەریشدا هیچ بڕە پارەیەكی زیادەی لێوەرناگیرێت".
نوێنەری رێكخراوە كەنەدیەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە:"ئەم جۆرە كارانە لە وڵاتان زۆر كاریگەری باشی لەسەر گەنجان هەبووە و بوونەتە خاوەن كاری خۆیان و داهاتیان زۆر باشە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group