پەرلەمانتارێكی كورد هۆكاری هاتنی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێم ئاشكرادەكات

11/01/2020

نەوا
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا جەختدەكاتەوە پرسی مانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، یان دیاریكردنی كەسێكی دیكە، هەروەها داواكاریی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، ئەجێندای سەرەكیی كۆبونەوەكانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەرن لە هەرێمی كوردستان.
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "نیو كاژێر"ی رادیۆی نەوا رایگەیاند، كارنامەی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەوەی زیاتر گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت دوو پرسی سەرەكین، ئەوانیش حكومەتی داهاتووی عیراق، كە ئێستا حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بووەتە كاربەڕێكەر، هەروەها پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عیراق، كە پەرلەمان دەنگی بۆ داوە و گفتوگۆی توندی هێناوەتەئاراوە، بەتایبەت بەهۆی بەشدارینەكردنی كورد و سوننە لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا.
پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی ئەوە دەكرێت عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە لە پۆستەكەی، یان كەسێكی دیكە  بۆ پۆستەكە دیاریبكرێت.
هەرێم كەمال ئاغا نەیشاردەوە، تەواوی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی-دان لە پۆستی سەرۆك وەزیران بە كورد و سوننەشەوە، سەرەڕای ئەوەی شەقام ئەو چینە سیاسییەی بەدڵ نییە و رەتیدەكاتەوە.
لەوەڵامی پرسیارێكیش لەبارەی ئەوەی چەند جارێك عادل عەبدولمەهدی لە كۆبونەوە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریكییەكان باسی جێبەجێكردنی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكای لە عیراق كردووە، هەرێم كەمال ئاغا پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا وتی "حكومەتەكەی داهاتوو دەتوانێت بڕیار لەسەر پرسی كشانەوەكە بدات، دەشتوانێت پابەندنەبێت بەو بڕیارەی پەرلەمانەوە، هەروەها لایەنەكان گفتوگۆی زیاتر بكەن لەسەر ئەو پرسە، لەگەڵ ئەوەی عیراق پێویستیی بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ماوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group