فراكسیۆنی بەدر: رێگە نادەین بەتێپەڕاندنی پرۆژەی ئەمریكی لەرێگەی بەرهەم ساڵح و زورفیەوە

22/03/2020 عێراق

نەوا
كەریم علێوی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی بەدر دەڵێت، "رێگە نادەین كە پرۆسەی ئەمریكی لە عیراق لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و عەدنان زورفی پاڵێوراو بۆ پێكهێنانی حكومەتەوە تێپەڕێت، هەروەها بڕیاری پشتگیری نەكردنی زورفی پەشیمان بونەوە نییە لێی".
علێوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: "ناكرێت رێگە بە تێپەڕاندنی پرۆسەی ئەمریكی لە عیراق بدرێت، ئەویش لەرێگەی عەدنان زورفی و بەرهەم ساڵح-ەوە، ئەو پرۆژەیە بە مردویی لەدایك بوەو هەر سەرۆك وەزیرانێك پێویستە لەرێگەی فراكسیۆنە شیعیەكانەوە بێت بەپێچەوانەی ئەوەوە ناكرێت تێپەڕێنرێت، هەرچەندە ئەمریكا و چەند لایەن و كەسایەتیەكی سەر بەو وڵاتە هەوڵ بدەن".
وتیشی: "زورفی هیچ چانسێكی نەماوە و لەئێستادا پێویستی بە موعجیزە هەیە، بۆیە پێویستە بەزوترین كات داوای لێبوردن بكات، ئەوەش بۆ ئەوەی كە چیتر پێكهێنانی حكومەت دوانەكەوێت، مانەوەی تەنها بە فیڕۆدانی كاتەو هیچی تر".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی رونكردەوە، رەتكردنەوەی زورفی لەلایەن پێنج كوتلە شیعیەكەوە پەشیمان بونەوە نییە لێی، هەڵوێستەكە لەرێگەی رێكەوتنی هێزە شیعیەكانەوە بووە كە ناوبراو رەتدەكەنەوە، كورد و سونەش لەوە ئاگادار كراونەتەوە و ئەوانیش رێزی بڕیاری لایەنە شیعیەكان دەگرن و پشتگیری هەر رێچكەیەك دەكەن كە یەكڕیزی نیشتمانی هەبێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group