به‌غدا له‌باره‌ی شێوازی دابه‌شكردنی موچه‌ داوایه‌ك له‌ هه‌رێم ده‌كات

13/10/2020

نه‌وا
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حکومەت گیرۆدەی هەڵەکانی رابردویەتی و ئەگەر سەروەری یاسا و دادگا هەبێت، دەبێت بەرپرسان و بڕیاردەران دادگایی بکرێن لەم سەرپێچیانەی کەوا لەلیستی موچەی فەرمانبەران کردویانە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13/10/2020 وەزیری دارایی لەپەڕلەمان لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆبۆوە و دواتر شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کێشەکە ئەوەیە حکومەت گیرۆدەی هەڵەکانی رابردویەتی و ئەو پاشەکەوتەی لەمووچەکرا لەسەرەتای کابینەی نۆیەم کەڵەکەبوە، ئێستا لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ هەیە و رێککەوتنی مەبدەئی هەیە، بەغداش داوای کردوە، کە سیستەمی موچەی هەرێم و بەغدا یەک بێت واتە موچەی چ مانگێکی نارد، هەرێم موچەی ئەو مانگە دابەش بکات".
ناوبراو وتیشی، "موچەی ئەو پێنچ مانگە کێشەیەکی گەورەیە، بە حکومەت و وەزیری داراییمان وت کەوا سەرپێچی یاسایە هەروەها بڕینی لە 21% و 18% سەرپێچی یاسا، ئەوانیش تەئکیدیان کردەوە، کە بڕیارەکان سەرپێچی یاسایە، بۆیە ئەگەر سەروەری یاسا هەبێت و دادگا هەبێت دەبێت بەرپرسان و بڕیاردەران دادگایی بکرێن لەم سەرپێچیانەی کەوا لەلیستی موچەی فەرمانبەران کردویانە".
شێرکۆ جەودەت ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بەوتەی وەزیری دارایی لەگەڵ بەغدا لەگفتوگۆدان کەوا موچەی ئەو دومانگە بدات کە پێشتر نەیناردوە و هی سێ مانگەکەیتریش دەکرێتە پاشەکەوت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "وەزیری دارایی پێی راگەیاندوین دابەشکردنی موچە لەسەر ناردی پارەکەی بەغدا وەستاوە کەوا بڕیارە ئەمڕۆ 320 ملیارەکە بنێرێت و ئەوان دەست بەدابەشکردن دەکەن".
باسی له‌وه‌شكرد، "پێمان وایە پارە هەیە، بەڵام چەندین هەڵە و گەندەڵی وایکردوە داهات بەردەست نەبێت، لەکاتێکدا دەتوانرێت چاکسازی بکرێت داهاتی خاڵە سنوریەکان زۆر زیاتر بکرێت، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و ڕێگریەوە ناتوانن ئەوە بکەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group