وتەبێژی هەسەدە: 89 ئەندامی داعش دەستگیر كراونەتەوە

22/01/2022 جیهان

نەوا-
فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" ئاشكرای كرد، لە پێكدادانەكان لەگەڵ بەندكراوانی زیندانی غوێران 7 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 50ی تر بریندار بوون، 89 چەكداریش كە هەڵاتبوون  دەستگیر كراونەتەوە.
فەرهاد شامی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، تاوەكو دوایین كاتژمێرەكانی رۆژی هەینی ئەندامانی داعش چارەكێكی بەشی باكوری زیندانی غوێرانیان بەدەستەوە بووە و شەڕ و پێكدادان لەوێ و لە گەڕەكێكی رۆژئاوای بەندیخانەكە بەردەوام بووە.
رونیشیكردووەتەوە، لە پێكدادانەكاندا 7 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 50ی دیكەشیان بە سەختی برینداربوون، كە بەشێكیان بە نیشانەشكێن كراونەتە ئامانج، 89 لەو ئەندامانەی داعش كە لە گرتووخانەكە رایانكردبوو لە لایەن هەسەدەوە دەستگیركراونەتەوە.
 ئەو وتەبێژەی هەسەدە باسی لەوەش كردووە، ئەوان ئاگادارنین هیچ ئەندامێكی داعش لە گرتوخانەكە رایكردبێت و دەستگیرنەكرابێتەوە، بەڵام دەنگۆی پشتڕاستنەكراوە هەیە كە هەندێكیان خۆیان گەیاندووەتە دەرەوەی زیندانەكە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group