نەوا-
ئەمڕۆ 34هەمین لوتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و تائێستاش 381 رۆژنامەنوسی بیانی و عەرەبی گەیشتونەتە بەغدا بۆ ڕوماڵی لوتكەكە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەستنی لوتكەی عەرەبی لە بەغداد، جەخت لەو راستییە دەكاتەوە كە عێراق رۆڵی بەرچاوی لە پێشخستنی ناوچەكە هەیە و دەستیكردوە بە جێبەجێكردنی هەنگاوەكان بۆ داڕشتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوی عەرەبی سەبارەت بە پرسە جیاجیاكان.
لەلای خۆشیەوە، باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند: لوتكەی بەغداد یەكێك دەبێت لە گرنگترین لوتكەكان و تێیدا تاوتوێی سەرجەم ئاستەنگەكانی غەزە و كەرتی ڕۆژئاوا و سووریا و لوبنان دەكرێت.
عەوادی ئاشكراشیكرد، عێراق 18 دەستپێشخەریی ئامادە كردوە، كە لە لوتكەكەدا دەخرێنەڕو لە نێویاندا دەستپێشخەرییەك بۆ دروستكردنی سندوقیكی هاریكاری بۆ غەززە.