نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بۆ سەرلەنوێ بونیادنانی غەزەو لوبنان عیراق 40 ملیۆن دۆلار تەرخان دەكات.
لە 34هەمین كۆبونەوەی لوتكەی كۆمكاری عەرەبی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق وتارێكی پێشكەش كردو لە بەشێكیدا تیشیكی خستە سەر رەوشی فەڵەستین و غەزەو رایگەیاند، داننان بە مافی گەلی فەڵەستین ئاشتی بۆ ناوچەكە بەدیدەهێنێت.
سودانی داواشیكرد كە كۆمەڵكوژی لە غەزەو هێرشەكانی ئیسرائیل لە كەناری رۆژئاوا كۆتایی پێ بێت و هەرچەشنە سیاسەتێكی بە زۆر راگواستنیشی رەتكردەوە.
راشیگەیاند، حكومەتی عیراق ئامادەیە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی غەزە 20 ملیۆن دۆلارو هەروەها بۆ لوبنانیش 20 ملیۆن دۆلاری دیكە تەرخان بكات، هەروەها پێشوازیشیكرد لە بڕیاری ئەمریكا بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریاو هیوای خواست دەرفەتێك بێت بۆ سەقامگیری و ئاوەدانی ئەو وڵاتە.