نەوا-
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، چاوەڕوانی وڵاتانی ئەوروپا دەكەن كە ئیدانەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بكەن.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، پێویستە راستییەكان لەبەرچاو بگرین، ئێمە سەرقاڵی رێككەوتن و دانوستان بوین كاتێك رژێمی زایۆنی هێرشی كردە سەر وڵاتەكەمان، بەهەرحاڵ بەو هێرشەی ئیسرائیل كە چاوەڕواننەكراوبو كە بە چاوساغی و پاراستنی ئەمریكا ئەنجامیدا پرۆسەی دانوستانیشی بێمانا كرد.
بەقائی وتیشی: ئێستا چاوەڕوانی ئێران لە وڵاتانی ئەوروپا ئەوەیە كە لایەنگیری ئیسرائیل نەكەن وەك ئەوەی ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە كە هەوڵی دانوستان دەدەن، بەڵكو پێویستە بە رونی ئیدانەی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بكەن، چونكە رژێمی زایۆنی دەستدرێژیكارە پێویستە ئیدانە بكرێت.
لەلایەن خۆشیەوە لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشكرایكرد كەفڕۆكەكانی سوپای ئیسرائیل دەتوانن بەتەواوەتی لەسەر ئاسمانی تارانی پایتەختدا بسوڕێنەوە.
ئەفیخای ئەدرعی رایگەیاند، لە رۆژی چوارەمی پرۆسەی هەستانەی شێردا بەردەوامین لە لێدانی تواناكانی رژێمی ئێران كە چاوەڕواننەكراوە، چەندین هێرشی ئاسمانیمان كردوەتە سەر ناوچە جیاوازەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، رژێمی ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل لەكاتێكدا ئێمە توانا سەربازیی و ستراتیجی و ئەتۆمییەكانیان دەكەینە ئامانج كەئەوان ئامانجیانە بەو توانایەیان ئیسرائیل خاپور بكەن، ئامانجەكانی سوپای ئیسرائیل نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەیە كە لەسەر وڵاتەكەمان هەیە، ئێستا سوپاكەمان مافی ئەوەی هەیە بە تەواوەتی بەسەر ئاسمانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بسوڕێتەوە.