نەوا-
رابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، هەر دەستوەردانێكی سەربازیی ئەمریكا زیانێكی گەورەی دەبێت و قەرەبو ناكرێتەوە.
عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران وتارێكی پێشكەشی گەلی ئێران و جیهان كردو لەبەشێكیدا سوپاسی خۆڕاگری گەلی ئێرانی كرد كە بە روی هێرشەكانی قەوارەی زایۆنی وەستاونەتەوەو وتی، نەتەوەی ئێران لە بەرامبەر شەڕێكی سەپێنراودا بە توندی دەوەستێتەوە رادەستی هیچ سەپاندنێك نابێت هەروەك چۆن ئاشتیەكی سەپێنراویش رەتدەكاتەوە.
خامنەیی وتیشی: مێژوی ئێران و گەلی ئێران ناسراوە هەرگیز بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ ئەم نەتەوەیە قسە ناكرێت، چونكە نەتەوەی ئێران ناتوانێت ملكەچ و رادەستی هیچ لایەنێك ببێت، ئەمریكییەكان دەبێت باش بزانن هەر دەستوەردانێكی سەربازیی باجێكی قورسی دەبێت و بۆیان قەرەبو ناكرێتەوە.