نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، ژمارەیەك لەو چەكدارانەیان دەستگیر كردوە كە هەڵیانكوتایە سەر یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لەپاش دەستبەكاربونی بەڕێوەبەرە نوێیەكەی.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردوەتەوە، رێگە نادەن دەستدرێژی بكرێتە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و هەڕەشە لەدەسەڵاتی یاسای بكرێت، چونكە شكۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا هێڵی سورە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەشیكردوە، لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لەبەری كەرخ لەشاری بەغدا روداوێكی مەترسیدار رویداوە پاشئەوەی بەڕێوەبەرە نوێیەكی دەستبەكاربوە چەند چەكدارێك هەڵیانكوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەكە، لەكاتێكدا ئەوان لەكۆبونەوەدابون و دەستبەجێ فەرمانبەرەكان ئاگاداریان كردونەتەوە، كاتێك هێزەكانیان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە ئەو چەكدارانە روبەڕویان بونەتەوە كە چەند ئەفسەرو كارمەندێكیان بریندارن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەشیكردوە، تائێستا 14 چەكداریان دەستگیر كردوە چاوپۆشی لەهیچ لایەنێكیش ناكەن ئەگەر دەركەوت هەوڵی خۆسەپاندن دەدات لە رێگەی هێزو هەڕەشە كردنەوە، چونكە ئەركی وەزارەتەكەیان پارێزگاریكردنە لە ئاسایش و سەقامگیری.