گرووپی "سەرایا ئەولیا دەم" بەرپرسیاریێتی هێرشەكەی هەولێری لە ئەستۆ گرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
گرووپی (سەرایا ئەولیا دەم) كە خۆیان وەك بەشێك لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، ئاشكرایانكرد، لە رێگەی ژمارەیەك (درۆن)، هێرشیان كردووەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە شاری هەولێر.
لە راگەیێندراوەكەی ئەو گرووپە باس لەوەكراوە، هێرشەكە وەك پشتیوانییەك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریكا و ئیسرائیل و هەروەها بۆ بەرگریكردن لە سەروەریی عێراق كراوە.
 بەپێی دەقی راگەیێندراوەكە، هێرشەكە لە رێگەی "ژمارەیەك درۆن" كرا و بنكە ئەمریكییەكانی لە هەولێر كردووەتە ئامانج.
 هەتاوەكو ئێستا لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی هاوپەیمانان هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەكانی ئەو هێرشە یان راستی و دروستیی بانگەشەی ئەو گرووپە بڵاونەكردووەتەوە.
 سەرایا ئەولیا دەم، یەكێكە لەو گرووپە چەكدارانەی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2020 دەركەوت.
 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group