نەوا-
ئومێد عەلی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی دابینكردنی دەرمان حكومەتی عیراقە، بۆیە پێویستە وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم خۆی بچێتە بەغدادو كێشەی دەرمان چارەسەر بكات، چونكە 360 جۆر دەرمانی سەرەكی هەن كە پێویستە بەردەوام بەردەستبن.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: سەرچاوەیەكی تری دابینكردنی دەرمان كڕینی راستەوخۆیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی بودجەوە حكومەت توانای كڕینی دەرمانی نییە، بۆ چارەسەری ئەمەش پێشنیاز دەكەن كە دەزگایەكی نیشتمانی بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشكی دابمەزرێنرێت.
ئومێد عەلی وتیشی: كڕینی ئامێری پزیشكی بە دەستی دووەم و سێیەم كاریگەریی نەرێنی لەسەر كوالیتی خزمەتگوزارییەكان هەیە، هەروەها لە بازاڕەكاندا دەرمانی بیكوالێتی هەیە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە قاچاخچێتی بە دەرمانەوە دەكرێت.