یاد نەقشبەندی: نزیكەی 40%ـی كارمەندانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسك خۆبەخشن

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی دەڵێت، تاوەكو ئێستا 523 نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسك لە سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسكی سلێمانی ئەنجامدراوە.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرایكرد، لەكۆی ئەو 523 حاڵەتەی چاندنی مۆخی ئێسك كە ئەنجاممان داوە، تەنیا 40%ـیان خەڵكی ناو پارێزگەی سلێمانین، بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقمان كردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەشێكی زۆری كارەكانیان بەهۆی كارمەندی خۆبەخشەوە بەڕێوەدەچێت و وتیشی، نزیكەی 40%ـی كارمەندانی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسك خۆبەخشن.
سەبارەت بە داهات و بودجەی نەخۆشخانەكە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا  رایگەیاند، هیچ بڕە داهاتێك لە سندوقی شێرپەنجە نەگەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ئێمە بە داهاتی سلێمانی نەخۆشخانەی هیوامان ژیاندووەتەوە.
لە كۆتاییدا، د. یاد نەقشبەندی داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بایەخێكی زیاتر بە سەنتەرەكە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی باشتر خزمەتی نەخۆشان بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group