كاروان ئەنوەر: مەرجەكانی بوون بە ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنووسان گۆراون

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سكرتێری لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاشكرایكرد، هەر ڕۆژنامەنووسێك زیاتر لە دوو ساڵ خزمەتی لە كەناڵێكی دیاریكراو هەبێت، دەتوانێت داواكاری ئەندامی پێشكەش بە سەندیكا بكات.
كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانیی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، لە هەندێك ناوچە و وڵات پێناسەی ڕۆژنامەنووس ئەوەیە كە ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی و پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكا ڕۆژنامەنووس ئەو كەسەیە كە لە بڵاوكراوەیەكی خولی كاری ڕۆژنامەنووسی دەكات.
باسی لەوەشكردوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا هاوڕاین كە هەموو ئەو كەسانەی كاری ڕۆژنامەنووسی دەكەن ببن بە ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، تاوەكو ئێستا هەشت هەزار و 500 كەس لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەندامن كە كار بۆ هەزار و 750 كەناڵی جیاجیا دەكەن و چەند هەزار كەسێكی دیكەش كە كاری ڕۆژنامەنووسی دەكەن ئەندام نین لە سەندیكاكەدا.
لەبارەی مەرجەكانی بوون بە ئەندام لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، كاروان ئەنوەر ئاشكرایكرد، هەر ڕۆژنامەنووسێك زیاتر لە دوو ساڵ خزمەتی لە كەناڵێكی دیاریكراو هەبێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بە سەندیكا بكات و چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەكرێت، بە مەرجێك گرێبەستی كاری لەگەڵ كەناڵێك هەبێت و كەناڵەكە پشتگیریی بكات و لیژنەیەك هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەن.
وتیشی، هەركەسێك كە داواكاریی بە ئەندامبوون پێشكەش بە سەندیكا دەكات ئەگەر فەرمانبەری دەوڵەت بێت پلەكەی بە كارا وەرناگیرێت.
كاروان ئەنوەر باسی لەوەشكرد، لە پێشووتردا، هەر ڕۆژنامەنووسێك تەنیا سێ بابەتی بڵاوكراوەی هەبوایە، دەیتوانی ببێت بە ئەندام لە سەندیكا، بەڵام ئێستا دەبێت ئەو مەرجانەی تێدا بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group