نەوا-
عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، بڕینی كارەبای هاووڵاتیان بەهۆی دواخستنی پارە یان قەرزی كارەباوە پاش 50 رۆژ كارێكی نایاساییە، هیچ یاسایەك نییە رێگە بدات كارەبای نیشتیمانی بەم گەرمایە لەسەر هاووڵاتیان بكوژێنرێتەوە.
ئاماژەشیكردوە، تاریككردنی ماڵی خەڵك بەهۆی قەرزی كارەباوە لە كاتێكدایە خۆیان نزیكەی 30 ترلیۆن دینار قەرزی هاووڵاتیانیان لایەو تائێستا هیچ رێگەو میكانزمێكی گەڕانەوەیان رانەگەیاندوە، بەپێی دەستورو یاساش پێویستە خزمەتگوزاری بنەڕەتی ژیان وەك (ئاو، كارەبا، نەخۆشخانەو قوتابخانە) بەنرخی حكومی گونجاو بگەیەنرێنە هاووڵاتیان و نابێت لەژێر هیچ پاساوێكی وەك دواخستنی رسوماتەكانیان ببڕدرێن و هاوڵاتیانیان لێ بێبەش بكرێن.
ئەم بڵاوكراوەیەی عومەر گوڵپی دوای ئەوە هات كە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوكردوە، ئەو هاوبەشانەی كە پارەی كارەبا نادەن لەماوەی 50 رۆژی دوای دەرچونی پسوڵەكانیان بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لەلایەن سیستمەوە دوچاری پچڕانی كارەبا دەبنەوە تاوەكو پارەی پێویستی سەرجەم پسوڵەكانی كارەبا دەدەن.