وەزارەتی داد: تەنیا بە كارتی نیشتمانی كار ڕایی دەكەین
1 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە پێناو باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ماف و موڵك و سامانی زەوی و خانووبەرەكانیان، گشتاندنێكی دەركردووە سەبارەت بە شێوازی راییكردنی مامەڵەكانی خانووبەرە لە فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەو گشتاندنە، راییكردنی هەموو مامەڵەكانی تۆماركردنی خانووبەرە لە هەموو فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێمی كوردستان، تەنیا بە (كارتی نیشتیمانی) ئەنجام دەدرێت و هیچ مامەڵەیەك بەبێ پیشاندانی كارتی نیشتیمانی رایی ناكرێت.
هەروەها وەزارەتی داد، داوای لە سەندیكای پارێزەرانی كوردستان و دامەزراوەكان و هۆكارەكانی میدیا و ڕاگەیاندن كردووە، هاوكار بن لە گەیاندنی ناوەڕۆكی ئەم گشتاندنە بە پارێزەران و هاووڵاتیان، و جەخت لەسەر پێویستی هێنانی كارتی نیشتیمانی بكەنەوە لە كاتی سەردانی فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی مامەڵەكانیان بەگوێرەی ڕێنمایی و ڕێكارە پەسەندكراوەكان.